پەرلەمانی کوردستان: مەركەزییەت لە عیراق نەهامەتیی ڕابردوی بۆ گەلانی عێراق خوڵقاند

ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز 

پەرلەمانی کوردستان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت وغازی هەرێم هاتەدەنگ و دەڵێت: “بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئیتیحادی دروست بووە، دەخوازێت كە دەقەكانی دەستوور بە ئاڕاستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی و پاراستنی پرەنسیپەكانی فیدڕاڵی و یەكسانی شرۆڤە بكرێت.”

لە ڕاگەیەندراوێکدا پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی گرتوە و هاتوە: پەر‌له‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه ‌و به‌ پێی مادده‌ی (117/ برگه‌ی یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، دانی پێدانراوه. هەروەك به‌پێی مادده‌ی (121)ـی دەستووریش مافی ده‌ركردنی یاسای پێدراوە. بۆیه‌ دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هاوتایە لەگەڵ دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دایە. بۆیە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ‌و به‌ ناده‌ستووری ناوبردنی ئەو یاسایە له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق.

دەقی راگەیێندراوی پەرلەمانی کوردستان:

بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007.

دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی وەك لە ماددەی (3)ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005ـدا هاتووە، دەوڵەتی هەموو عێراقییەكانە بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە. فیدڕاڵییەت لە مانای بنەڕەتی و ڕاستەقینەی خۆیدا، دابەشكردنی دەسەڵاتە، لەوانەش دەسەڵاتی ئیدارەدانی دارایی و سامانە سرووشتییەكان لەنێوان دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵی و هەرێمەكاندا. فیدڕاڵیەتی فرەپێكهاتەش لەسەر چەمكە بنەڕەتییەكانی سەربەخۆیی زاتی، هاوبەشێتی، هاوسەنگی دەستووریی و هاریكاریی و لامەركەزییەتی سیاسیی فراوان، ڕاوەستاوە.

پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، “بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئیتیحادی دروست بووە، دەخوازێت كە دەقەكانی دەستوور بە ئاڕاستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی و پاراستنی پرەنسیپەكانی فیدڕاڵی و یەكسانی شرۆڤە بكرێت.”

ئەمە لە كاتێكدا، بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئیتیحادی دروست بووە. ئەمەش دەخوازێت كە دەقەكانی دەستوور بە ئاڕاستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی و پاراستنی پرەنسیپەكانی فیدڕاڵی و یەكسانی شرۆڤە بكرێت، بەبێ ئەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمەكان تەحجیم بكات و سنوورگەلی نادەستووریی بۆ دەسەڵاتەكانیان دابنێت. بۆیە هەر مامەڵەكردنێكی ناهاوسەنگ لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكان و مامەڵەكردنی ئینتیقائیانە لەگەڵ دەقەكانی دەستووردا، ئامرازی بنكۆڵكردنی سیستەمە فیدڕاڵییەكەن و لێكەوتە و دەرەنجامەكانی لە كۆتاییدا خزمەت بە وڵات و ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیانیشی ناكات.

هەر لەم ڕوانگەشەیەشەوە بوو كە هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر و داكۆكیكار بووە لە جێگیركردنی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا و بەردەوام كاری بۆ پتر چەسپاندنی كردووە. چونكە ئەزموونی تاكڕەویی و مەركەزییەت نەهامەتییەكانی ڕابردووی بۆ گەلانی عێراق خوڵقاند. لەم میانەیەشدا، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕێكەوتی 15-2-2022 لەمەڕ دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە عێراقدا، ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی و دەقەكانی دەستووری عێراقیشدا. سەرەنجامیش ئەم جۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدڕاڵی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون، دەدات.
چونكە:

پەر‌له‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه ‌و به‌ پێی مادده‌ی (117/ برگه‌ی یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، دانی پێدانراوه. هەروەك به‌پێی مادده‌ی (121)ـی دەستووریش مافی ده‌ركردنی یاسای پێدراوە. بۆیه‌ دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هاوتایە لەگەڵ دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دایە. بۆیە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ‌و به‌ ناده‌ستووری ناوبردنی ئەو یاسایە له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و خودی بڕیارێكی پێشووی دادگاكە، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌:

1ده‌ستووری عێراق له‌ مادده‌ی (110)ـدا به‌ هیچ شێوه‌‌یه‌ك به‌رێوه‌بردنی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ نێویاندا نه‌وت و گازی به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حكومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه‌. بەڵكو مادده‌ی (112/ برگه‌ی یه‌كه‌م)ـی ده‌ستوور جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كانن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كێڵگانه‌ی پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ساڵی 2005 له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رێوه‌‌براون.

2بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی دژ به‌ بڕیارێكی پێشتری خۆیه‌تی كه‌ ژماره‌ (8)ـی ساڵی 2012 ـیه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێكردنی هه‌رێم و پارێزگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی نه‌وت ده‌كاته‌وه لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و سامانە سرووشتیەكان.‌

3 دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 ـی هەرێمی كوردستان پاش نائومێدبوون بووە لەوەی كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەركی دەستووری خۆی لە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی هەڵناسێت. لە نەبوونی ئەم یاسا گرنگە فیدڕاڵیەشدا كار بە هەندێك یاسای سەردەمی ‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشوو دەكرێت كە یاساگه‌لێكن به‌ بیری ناوه‌ندگه‌رایی داڕێژراون لەگەڵ بنەما دەستوورییەكان بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و سامانە سرووشتییەكان، یەكناگرنەوە. له‌وانەش‌ یاسای ژماره (101)ـی ساڵی 1976 و یاسای ژماره‌ (84)ـی ساڵی 1985 كه‌ دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارەكەیدا پشتی پێ بەستوون.

4 مادده‌ی (111)ـی ده‌ستوور جه‌ختی لەوە كردووەتەوە كە خاوه‌ندارێتی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە.‌ هەرێمی كوردستانیش له‌ ڕوانگه‌ی پابەندبوونی بەم بنەمایە ‌ له‌ مادده‌ی (3)ـی یاسای ژماره‌ (22)ـی ساڵی 2007 ـدا جه‌ختی لەسەر كردووەتەوە و بە تەواوی پابەندی بووە. هەر بۆیەش بە تێكڕایی بڕی داهاتی فرۆشراوی نه‌وتی، بەو شێوەیەی كە یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵیدا دیاری كراوە‌، گەڕاندووەتەوە بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی و پاشان به‌ شێوه‌ی له‌ بریدانان (مقاصه‌) و به‌شی هه‌رێمی كوردستانی لێدراوه‌.

5 په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2007 ـەوه‌ كه‌ یاسای ژماره‌ (22) ی نه‌وت و گازی ده‌ركردووه،‌ حكومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانیدا كردووه‌. ئەمەش‌ له‌ دواهه‌مین یاسای بودجه‌ی عێراق ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و له‌ مادده‌ی (11)ـی یاساكەدا جه‌خت له‌ پێویستی ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی وڵات دەكاتەوە، بەشێوەیەك كە دوور بێت لە شرۆڤەكردنی تاكلایەنە و لەبەرچاونەگرتنی یەكێتی ئارەزوومەندانەی فیدڕاڵی عێراق.

پەیوەندیدار