نە خەڵك جاشە و نە ئێوەش باش

هیوا سەید سەلیم

دیسان لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەی (باش و جاش) دابەش دەکرێت، وا ئەو جارەشیان بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی لە رۆژی ١٥ شوبات، سەبارەت بە پرسی نەوت وغاز، درزی خستە نێو کۆمەڵگای کوردی.

بە شێوەیەک کە ئەوانەی کە بە بڕیارەکە خۆشحاڵبوونە تۆمەتی جاشایەتی و عێراقچێتیان دەدرێتە پاڵ، تۆمەتبار دەکرێن بەوەی دژی ئەزمونی هەرێمی کوردستانن، لە بەرامەبریشدا ئەوانەی ئەو تۆمەتە دەبەخشنەوە خۆیان پێ نیشتمانپەروەر و کوردستانی عەیار(٢٤)ی سەربەخۆخوازە. ئەرێ بەڕاست کۆمەڵگای کوردی وا بەسەر جاش و باش دابەشبووە؟

بەر لەوەی ئەوانەی خۆیان پێ باشە، لە جیاتی ئەوەی بهێن نیشتمانپەروەری بەوانی دیکە بفرۆشنەوە، حەقە پرسیار لە خۆیان بکەن کە ئایا ئەوانی دیکە کێن؟ ئایا ئەو هەڵوێستەی ئەوان لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ وە بپرسن بۆ دەبێت لە ئێستادا لە کوردستانی ئازد بە خوێنی هەزاران شەهید خەلکانێک هەبن بخوازن مووچە و قوتیان بگەڕێتەوە سەر بەغدای عەرەبی؟

یان بۆ دەبێت بە بڕیارێکی لەو شێوەی دادگای فیدڕاڵی شاگەشکە بن، کە دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم مەرجدار دەکات؟

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە پێویست دەکات بڵێین حکومەتی ناوەند نە هێندە شەفافە خەڵک خۆزگەی پێبخوازێت، نە دەسەڵاتدارانی بەغداش لە کەسە پاکانەن کە پێمان وابێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبن بە فریادڕەس، بگرە خەڵک لەبەر خرابی ئەوانی ئێرە بە ناچاری پەنا بۆ ئەو هەڵوێستە دەبات، وەک عەرەب دەڵێت:

” لیس حبا في علي ولكن كرها في معاوية” واتا “لە خۆشەویستی عەلی نیە بگرە لە رەقی معاویە یە”.

ئەوەی ئێرەش لە خۆشەویستی بەغدا نیە، بگرە لە بێزاریە لە خراپەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

لە ٣٠ی ساڵی حوکمڕانی خۆماڵی، بە تایبەت لەو ساڵانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پەنایان بۆ سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ برد، وە خۆیان نەوتی کوردستانیان دەرهێنا و فرۆشتیان، خەڵکی کوردستان چاوەڕوان بوون ئەو سیاسەتە بخرێتە خزمەتی دامەزراندنی بناغەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە خەونی لە مێژینەی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی کوردستان بووە، بەڵام نەک هەر وا دەرنەچوو بگرە بەرهەمی ئابووری سەربەخۆ بریتی بوو لە دروستببونی سەدان ملیاردێر و هەزاران ملیۆنێر لەسەر حیسابی هاوڵاتیانی کوردستان، لە بەرامبەریشدا دەبوو خەڵکی سیاسەتی سک گووشین پەیڕەو بکات.

لەو نێوەندەشدا، گەورەترین هەڵە کە لە چەند ساڵی رابردوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەنجامدرا، دەستبردن بوو بۆ قووتی خەڵکی بەگشتی و توێژە کەم دەرامەتەکان بە تایبەتی، ئەگەرنا پرسی شەفافیەت و زۆرێک لە پرسی دیکەی پەیوەست بە هەڵەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان کەمتر خەمی تەواوی خەڵکی کوردستان بوونە، بگرە زیاتر توێژیک لە خەڵکی سیاسی و نووسەر قسەوباسیان لەبارەیەوە کردووە و رەخنەی خۆیان لەو بارەیەوە ئاڕاستەی دەسەڵاتداران کردووە.

ئێستا کە بەشێک لە خەڵک لە بەرامبەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی وەک دەسەڵاتداران بیر ناکاتەوە، پێویست ناکات تۆمەتی جاشیەتیان بخرێتە پاڵ، بگرە دەبێت دەسەڵاتداران بێن بەدوای هۆکارەکانی ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەیە بگەڕێن.

ئەوان دەبێت لە خۆیان بپرسن، چ شتێک قەناعەتی خەڵکی وا لێکردووە کە بەغدایی پێ لە ئەوان باشتر بێت؟

لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا بۆچی خەڵک هێندە بێزار و بێ متمانەیە؟ بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران خەڵک بەرێژەی ٧٠٪ بایکۆتی هەلبژاردنەکەی کرد؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە زۆرێک لە پرسی دیکەش لای دەسەڵاتدارانە.

لە ئێستاشدا ئەگەر هەموو باشی ئێوە بریتی بێت لە شەڕکردن لەسەر بەدەستهێنانی پۆست لە بەغدا، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش لە خەڵکانێک بکەن کە بەو جۆرە بڕیارانە دڵیان ئاو بخواتەوە، هیچیان باش نین، نە ئەوەی ئێوە و نە ئەوەی ئەوان، بگرە هەردووکی کار و کاردانەوەیە، بۆیە ئێوە نابێت لەوە زیاتر کارێک بکەن خەڵک کاردانەوەی خرابی بەرامبەرتان هەبێت، ئەگیانا دەبێت چاوەڕوانی خرابتر بکرێت.

پەیوەندیدار