ئێستانیوز: بێستون لەتیف
بەریتانیا ڤیزای ئاڵتونی و مافی مانەوە بۆ بازرگان و سیاسەتمەدارە بیانییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەریتانیا بەهۆی مەترسییەکانی روسیا، ڤیزای ئاڵتونی بۆ وڵاتەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و رایدەگەیەنێت: بەهۆی ئەو ڤیزایەوە دەیان بازرگان و سیاسەتمەداری گەندەڵکار رویان لە بەریتانیا کردوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای ئاڵتونیی بۆ وڵاتەکەی بە هۆکاری ئاسایشی و ئەمنییەوە راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆ لەو بەیاننامەیەدا، ئاماژەی بەوە کردوە، ڤیزای پلە یەک کە بە ڤیزای ئاڵتونی دەناسرێت، هۆکارێک بوە کە بازرگانە گەندەڵەکار و سیاسەتمەدارە مەترسیدارەکانی وڵاتانی دیکە رو لە بەریتانیا بکەن و خۆیان و خێزانەکانیان لەو وڵاتە جێگیربکەن.
بە پێی یاساکانی ڤیزای ئاڵتونی، هەر کەسێکی بیانی دەتوانێت بە وەگەڕخستنی دو ملیۆن و (700)هەزار دۆلار لە بەریتانیا مافی مانەوە بۆ خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان دەستەبەربکەن .
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، جەختی لەوە کردوەتەوە، ئەو یاسایە لە ساڵی (2008)ەوە بوەتە هۆی ئەوەی کەسانی مەترسیدار لە وڵاتی روسیا و هەندێک وڵاتی دیکەوە رو لە بەریتانیا بکەن و ئەوەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی وڵاتە دروست کردوە.