رۆژئاوای کوردستان بەشداریی لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سوریا دەكات

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لەبەیاننامەیەکدا پێشوازیی لەلێدوانی میخائیل بۆگدانۆڤی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد کە تێیدا داوای کردووە کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەشداریی لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سوریا بکات، لەبەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو لێدوانە گوزارشتە لەو راستییەی کە سوریا لەم قۆناغەدا پێویستی پێیە.

ئیدارەی خۆسەر لەبەیاننامەکەدا کە لە پێگەی فەرمی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت: لێدوانەکانی بۆگدانۆڤ دەبارەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە سوریا و باسکردنی لە بابەتی پێویستی بەشداریکردنی نوێنەری ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تێیدا، گوزارشتە لەو راستییەکەی کە سوریا لەم قۆناغەدا هاوشێوەی قۆناغەکانی تر پێویستی پێیەتی.

هەروەک هاتووە” ئەو لێدوانە لەگەڵ دیدگای ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی دۆخی سوریادا دێتەوە، کە بریتییە لە پێویستی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە پڕۆسەی چارەسەر و گفتوگۆی قەیرانی سوریا و بەشداریکردن لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کە پێویستییەکی سورییەکانە و دەستەبەری ئایندەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانیان بۆ دەکات.

ئیدارەی خۆسەر پێشیوایە کە رووسیا رۆڵێکی گرنگ لەو پرسەدا دەگێڕێت، بۆیە پێشوازیی لەوە دەکات کە مۆسکۆ ببێتە گەرەنتیکەری هەر هەوڵێک بۆ سەقاگیری ناوچەکە.

رۆژی هەینی پێگەی “ڕووسیا تودەی” لەزاری میخائیل بۆگدانۆڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردۆتەوە، کە رووسیا لەگەڵ ئەوەدایە نوێنەری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان کە ناوچەیەکی فراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای لەژێر دەستدایە، بەشداریی لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ئایندەی سوریادا بکات.

پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، کێشەی کوردەکان یەکێکە لەئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم هەر پڕۆسەیەکی دانوستانی هەمەلایەنە لەسوریا؛ بەتایبەت کە هەرچەندە لەناو لیژنەی نوسینەوەی دەستوردا ئەندامی کورد هەیە، بەڵام ئەوکەسانە نوێنەرایەتیی هەموو هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ناکەن.

پەیوەندیدار