نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق بڵاویكردەوە، لە ساڵی 2007 هیچ رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتەكەی و حكومەتی هەرێم نەكراوە بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، نابێت كوردستان تاك لایەنە یاسا پێشێل بكات.
نوسینگەی مالكی لە راگەیەندراوێكدا جەختی لەوە كردووەتەوە، لە ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دیمەنێكی ڤیدیۆیی سەرۆكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی بڵاودەكرێتەوە كە باس لە بوونی رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتەكەی نوری مالیكی و حكومەتی هەرێم دەكات، كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە رێگە بە هەرێم دەدرێت گرێبەستی نەوتی بكات، ئەگەر تاوەكو مانگی ئایاری ساڵی 2007 یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرنەچێت.
رونیشكراوەتەوە، هیچ رێككەوتنێك نەبووە لەنێوان حكومەتی ئەوكاتەی عیراق و حكومەتی هەرێم، وتەكەی مام جەلالیش مەبەست لێی پێشنیازێكی زاڵمای خەلیل زادە، باڵیۆزی ئەوكاتەی ئەمریكا بوو لەعیراق كە بۆ دەرچوون لە قەیرانەكە پێشنیازی كردبوو.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوكاتیش سەرۆك وەزیران پێشنیازەكەی رەتكردووەتەوە چونكە هەرێم بەشێكە لە دەوڵەتی عیراق و یاساش بۆ هەمووانە، نابێت هیچ كەسێك بەشێوەیەكی تاك لایەنە یاسا پێشێل بكات.