بێستون لەتیف : ئێستانیوز
سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەنیازن بەبێ پچڕان درێژە بدەن بە دابینکردنی غازی سروشتی بە غازی شلیشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
کۆشکی کرملین راگەیەنراوێکی ڤلادیمیر پوتینی بڵاوکردەوە کە ئامادەی کردووە بۆ کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز کە لە دۆحە دەستیپێکردووە.
پوتین لە راگەیەنراوەکەیدا باس لەوە دەکات، لە ماوەی رابردوودا درز کەوتووەتە ناو بازاڕی وزەی جیهانی و دەڵێت، “بەبێ هاریکارییەکی کاریگەری نێودەوڵەتی ناکرێت ئەم کلیلی پیشەسازییە بەشێوەیەکی خێرا ئاسایی بێتەوە.”
سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە پرۆسەی بە مۆدێرنکردن لە وزەدا بەشێوەیەکی هاوسەنگ بەردەوام بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، داخوازی لەسەر غازی سروشتی زۆر بەرزە وروسیا بەنیازی بەرەوپێشبردنی ژێرخانە لەبارەی بەردەوامیدان بە دابینکردنی ئەو ماددە خاوانە بە غازی شلیشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بەبێ پچڕان و زیادکردنی وەبەرهێنان لە بواری کەرتی غازدا.
ململانێکانی روسیا و ئۆکرانیا و ناتۆ گەیشتووەتە لوتکە و یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کە بەدەست روسیاوەیە غازەکەیەتی، کە زۆرینەی غازی ئەوروپا لەلایەن روسیاوە دابین دەکرێت.