بێستون لەتیف : ئێستانیوز
سکرتێری ناتۆ: 100 فڕۆکەی جەنگی و 120 کەشتی لەوپەڕی ئامادەباشیدان
ئێوارەی سێشەممە 22ی شوباتی 2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتارێکی لەسەر قەیرانی ئۆکراینا پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، پووتین پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و بە ئاشکرا هەڕەشەی جەنگ دەکات.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا جۆ بایدن ئاماژەی بەوە دا، سزاکانمان بۆ سەر رووسیا جیاواز دەبن لە سزاکانی ساڵی 2014. سزا دەخەینە سەر بانکی سەربازیی رووسیا و وادەکەین رووسیا نەتوانێت قەرز وەربگرێت، سزا بەسەر کەسانی باڵای رووسیادا دەسەپێنین و ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت سزای قورستری بەسەردا دەسەپێنین.
هاوکات یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی “ناتۆ” رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئۆکراینا و لەو رووەشەوە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی هێزی وەڵامدانەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا خستووەتە ئامادەباشیی تەواو و 100 فڕۆکەی جەنگی و 120 کەشتیش لەنێو دەریادا لەوپەڕی ئامادەباشیدان.