سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وێرای ئیدانەکردنی هێرشی سەربازی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، دەشڵێت: دژی پۆتین دەوەستینەوە و سزای توندی دەدەین.
جۆبایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا و هێرشی روسیا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا، کەمێک پێش ئێستا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆک زیلنیسکی قسەمان کرد و ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایەی هێزەکانی روسیامان کرد.
دەشڵێت: ئەو داوای لێکردم بانگ لەسەرکردەکانی جیهان بکەم بۆ ئەوەی بە رونی دژی پۆتین بوەستنەوە و لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیا بوەستن.
بایدن جەختیش دەکاتەوە، سبەینێ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان (G7) کۆدەبێتەوە و سزای توند بەسەر روسیادا دەسەپێنین.
سەرۆکی ئەمەریکا، دڵنیایشیداوە لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و خەڵکەکەی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشی سەربازی روسیا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا دەستیپێکرد.