بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیار لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات.
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگهیاند: پێشنیازی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراوە و ئەمڕۆ دەخرێتە بەردەست نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بڕیاری لەبارەوە بدات.
وتیشی: “پێشبینی دەکەین سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە واژۆبکات و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن”.
رۆژی 13ی شوباتی 2022 شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پرسی هەڵبژاردن و رێکخستنەوەی پەیکەری کۆمسیۆن و رەشنووسی دەستوور، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد.
بەپێی زانیارییەکان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سووره لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و بەمنزیکانە بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
رۆژی 10ی شوباتی 2022، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی خۆیان لەبارەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستوور رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەوبارەوە.