هۆکارەکانی گەشکەی منداڵان‌و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی

ڕابیتەی ئەڵمانیی بۆ پزیشکانی منداڵ‌و هەرزەکاران دەڵێت، مۆتەکە لای منداڵان چەندین هۆکاری هەیە، کە هەندێکیان هۆکاری سادەن وەک گۆڕینی جێگای خەوتن‌و خەسڵەتە کەسییەکانی منداڵ، بەوپێیەی منداڵانی هەستیارو گۆشەگیر زیاتر مەترسیی تووشبوون بەمۆتەکەیان لەسەرە.

ڕابیتەکە دەڵێت، “هەندێکجار مۆتەکە بەهۆکاری دەروونییەوەیە وەک گرفتە خێزانییەکان، کێشەکانی منداڵ لەگەڵ هاوڕێیانی خوێندنگە، بارقورسکردنی منداڵ لەلایەن دایکان‌و باوکانەوە، ئەوە جگە لەهۆکارە ئۆرگانییەکانی وەک تا و لێکەوتەکانی پەیوەست بە تا و خرانە ژێر نەشتەرگەرییەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەڕێگای گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی سادەی وەک ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکان لەڕۆژو لەناو هەوای کراوەدا، وازهێنان لەهۆکارە ئەلیکترۆنییەکان ماوەیەکی باش بەر لەچوونەسەر جێگای خەوتن سوودێکی زۆریان دەبێت لەنەهەێشتنی حاڵەتەکە.

هەروەک شوشتنی دان‌و لەبەرکردنی بیجامەی تایبەت بەخەوو خوێندنەوەی کتێب لەکاتی چوونەسەر جێگای خەو یارمەتیدەرن لەرزگاربوون لەتووشبوون بەمۆتەکە، گرنگیشە پلەی گەرمیی ژوورەکە گونجاوبێت‌و لەدەوروبەری 18 پلەی سەدیدا بێت.

ڕابیتەی ئەڵمانیی جەختیکردۆتەوە، ئەگەرهات‌و ئەو ڕێکارانە سوودیان نەبوو، ئەوە دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت‌و هۆکارە ئۆرگانییەکانی گرفتەکە ئاشکرابکرێت یاخود ڕاوێژ بەپزیشکی دەروونیی بکرێت.

پەیوەندیدار