بێستون لەتیف : ئێستانیوز
ڤۆلۆدیمێر زێلێنكسی، سەرۆكی ئۆكرانیا، ئەمڕۆ هەینی، جارێكی دیكە داوای هاوكاری لە وڵاتانی رۆژئاوا كرد بۆ راگرتنی هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتەكەی و وتی، ئێمە بەتەنها بەرگری لە وڵاتەكەمان دەكەین و زلهێزترین وڵاتانی جیهانیش لە دورەوە تەماشا دەكەن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بۆ خەڵكی وڵاتەكەی، رایگەیاند”ئەمڕۆش وەك دوێنێ ئێمە بەتەنها بەرگری لە وڵاتەكەی خۆمان دەكەین، بەهێزترین وڵاتانی جیهانیش لە دورەوە تەماشا دەكەن.”
سەرۆكی ئۆكرانیا رەخنەی لە رێوشوێنەكانی وڵاتانی رۆژئاوا دژ بە روسیا گرت و رایگەیاند”ئایا روسیا بە سزاكانی دوێنێ هاتۆتە ژێر بار تا دەست لە هێرشەكان هەڵبگرێت” وتیشی”ئێمە لە ئاسمانی خۆمان دەبیستین و لەسەر خاكی خۆمان دەبینین كە ئەو سزایانە بەس نەبون.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا زێلێنسكی داوای لە روسیا كرد هێرشەكان رابگرێت و وتی”دەبێت روسیا درەنگ یان زو قسە لەگەڵ ئێمە بكات بۆ كۆتاییهێنان بەو هێرشە دوژمنكارانەیەی و ئەم داگیركارییە رابگرێت.”
جەختیشی كردەوە تا ئەو كاتەی هێرشەكان رادەگیرێن “ئێمە بەرگری لە وڵاتەكەمان دەكەین.”
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێرشێكی موشەكی زۆر بۆ سەر كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا ئەنجام دراوەو راشیگەیاند، روسیا شوێنە سەربازی و مەدەنییەكانی كردۆتە ئامانجی هێرشەكانی لەكاتێكدا پێشتر رایگەیاندبو كە تەنها هێرشەكانی بۆ سەر شوێنە سەربازییەكان دەبێت.