کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، ئەمریکا سزا بەسەر ڤیلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەمریکا سزا بەسەر ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
ئاشکراشیکرد، سزاکە بریتییە لە سڕکردنی سامان و قەدەخەکردنی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا.
وتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی ئاسایی ئەو سزایانەن کە بەسەر کەسایەتییە بیانییەکاندا دەسەپێنرێن،کە وردەکاریی ئەو سزایانە لە ماوەی داهاتودا ئاشکرا دەکرێن.
جەختیشیکردەوە، روسیا ئەگەر ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە ئامانج بکەن، ئەوا ئەوە کارێکی ترسناک دەبێت.
جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رونیشیکردوەتەوە، بەم سزایانە، ناوی پوتینیش چوە نێو لیستی سەرکردەکانی جیهان کە ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندون، لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا.