ئەمڕۆ شەممە 26ی شوباتی 2022، نرخی نەوت لەجیهاندا 1.15%ـی بەهاکەی لەدەستدا و نرخی نەوتی برێنت بە 97.93 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوی بەهای وزەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردو نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 105 دۆلار.
ئەمڕۆ بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 1.15%ـی بەهاکەی لەدەستدا و ئێستا بە 97.93 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ههروهها نهوتی خاوی تێكساسیش 1.22%ـی بەهاکەی لەدەستدا و بە 91.59 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری دابەزینی بەهای نەوت بۆ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، چونکە لەچەند کاتژمێری رابردو هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشڕەوی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لە بنکەیەکی سەربازی سوپای ئۆکرانیا لەنزیک شاری کیێڤی پایتەخت چڕبوەتەوە.
هۆکارێکی دیکە دابەزینی بەهای نەوت پەیوەندی هەیە بە ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنەکە ئەتۆمییەکەی تاران، بەجۆرێک ئەگەر هەردولا بگەنە رێککەوتن، سزای سەر کەرتی نەوتی ئێران هەڵدەگیرێت.
هاوکات پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی (IIF) لەدواین راپۆرتیدا باسی لەوەکردوە، سەرەڕای بەردەوامی بەرزبونەوەی بەهای نەوت لەچەند مانگی داهاتودا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2022 بەتێکڕا بەهای نەوت لە 66 دۆلاردا جێگیرببێت، بۆیە داوا دەکات گەشەی ئابوری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم ساڵدا بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان سودی لێوەربگیرێت.