رووسیا و ئۆکراینا ئامارەکانی جەنگ بڵاودەکەنەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ رۆژی رابردودا 821 ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیایان کردوەتە ئامانج، هەروەها 7 فڕۆکەی جەنگی، 7 هێلیکۆپتەر و نۆ درۆنی سوپای ئۆکرانیا تێکشکێنراون.

وەزارەتی بەرگری روسیا ئەمڕۆ شەممە ئاماری سێ رۆژی هێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، 821 ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیا کراونەتە ئامانج کە 11 یان فڕۆکەخانە بون، هەروەها 7 فڕۆکەی جەنگی، 7 هێلیکۆپتەر، نۆ درۆن و 48 رادار تێکشکێنراون.

ئەوەش هاتوە، 87 تانک، 118 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 28 سیستەمی هەڵدانی موشەک، 14 بنکەی سەربازی،  19 سەنتەری پەیوەندی و خاڵی سەرپەرشتیکردنی شەڕ، 48 رادار و 24 سیستەی دژە موشەکی ئۆکرانیا لەناو براون.

لای خۆیەوە سوپای ئۆکرانیا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ رۆژی هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان، 3500 سەربازی روسیا کوژراون و 200 سەربازیش بە دیل گیراون، هەروەها لەو ماوەیەدا 14 فڕۆکەی جەنگی، 8 هێلیکۆپتەر و 10 تانکی روسیایان تێکشکاندوە.

هاوکات ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، خۆی سەرپەرشتی پاراستن و بەرگریکردن لە کیێڤی پایتەخت دەکات و تائێستاش شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی دایە، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی “نابێت ئێمە کیێڤ لەدەستبدەین “.

لەچەند کاتژمێری رابردو هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشڕەوی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لە بنکەیەکی سەربازی سوپای ئۆکرانیا لەنزیک شاری کیێڤی پایتەخت چڕبوەتەوە، هاوکات لەهەندێک شوێنی شارەکەش شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەستیپێکردوە.

پەیوەندیدار