بێستون لەتیف : ئێستانیوز
ژمارەیەک لە وڵاتانى ئەوروپا بە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی پشتگیری لە ئوکراینا دەکەن و ئەمریکاش هاوکارى بەپەلە ڕەوانەى ئەو ولاتە دەکات.
ماوەى سى ڕۆژە هێرشە موشەکییەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا چڕبوەتەوە و زیاتر لە سەدهەزار هەزار هاوڵاتى شوێن و ماڵیان جێهێشتوە،جەنگەکە بەردەوامە ولە ناو پایتەختى ئۆکرانیا درێژەى هەیە و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا مانەوەی لە كیێڤ دوپاتكردەوە و ڕایگەیاند، بەرگری دەكەن و چەك فڕێنادەن.
بۆئەوەش وڵاتانى ئەوروپا هاوکارى بۆ ئۆکرانیا ڕەوانە دەکەن وهەریەک لە حکومەتی چیک ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە بەهای(8) ملیۆن (600) هەزار دۆلار بۆ ئوکراینا پەسەندکرد.
هاوکات حکومەتی هۆڵەنداش لەسەر داوای ئوکراینا بریاریدا، لە زوترین کات دا(200) موشەکی بەرگری ئاسمانی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە بکات.
کاردانەوەکان دژى هێرشەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر دەبن و ماكرۆنیش دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆکى ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا درێژەدەكێشێت و پێویستە ئامادەبین بۆی.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا نوسراوێکی واژۆکردووە لەبارەی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلەی چەک بۆ ئۆکراینا کە بەهاکەی تاوەکو (600) ملیۆن دۆلار بێت.
نووسراوەکە ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو(250) ملیۆن دۆلار بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بەندێکی یاسایی بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
نزیکەی(350) ملیۆن دۆلاریش بۆ خزمەتگوزارییە سەربازییەکان، مەشق و راهێنان بە سەربازانی ئۆکراینی دابین بکرێت.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردبو کە وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتبوی کە لە ئۆکراینا دەمێنێتەوە و پێویستی بە چەکە.