بەمەبەستی پەسندکردنی پرۆژەبڕیارێك، کە تێیدا بانگهێشتی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بە ئۆکراینا، ئەمشەو یەکشەممە، 27-2-2022، کاژێر 11ی شەو بە کاتی هەولێر، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ئەوەی هەیە بانگهێشتی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، بەبێ ئەوەی هیچ وڵاتێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنەکە مافی “ڤیتۆ”کردنی هەبێت.
کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بڕیارە لەسەر داوای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ببەسترێت، کۆبوونەوەیەکی “نائاساییە” و ئامانج لێی، ئەوەیە وا لە 193 وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، هەڵوێستی خۆیان لەئاست قەیرانی ئۆکراینا و سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیا بکەن.
لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە رۆژی دووشەممە، 21-02-2022 سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراینا و لە ئەگەری پەسندکردنی پرۆژەبڕیاری تایبەت بە بانگهێشکردنەکە، ئەوا بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوەکە لەماوەی 24 کاژێردا کۆببێتەوە.
چەند بەرپرسێک بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، شکستی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی 25-02-2022 تایبەت بە قەیرانی ئۆکراینا، کە رووبەڕووی ڤیتۆی رووسیا بووەوە، وای لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە کردووە هانبدرێن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە “بەڵێ” دەنگ بدرێت بۆ بەستنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێش چاوەڕێ دەکرێت لە کۆی 193 وڵاتانی ئەندام، سەرووی 100 ئەندام دەقی سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی رووسیا، پەسند بکەن.
بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پابەندبوونێكی یاسایی نییە و هیچ وڵاتێك ناچار بە ئەنجامدانی کارێك و دەرکردنی بڕیارێك ناکات.