دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە هێزی تایبەتی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد کە لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن؛ وەزیری بەرگریی بەریتانیاش رایگەیاند، چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان دەخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. هۆشدارییش دەدات لەوەی کە “چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی چەکی ئەتۆمی دەبێت”.
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، پێیوانییە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا چەکی ئەتۆمی لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا بەکاربهێنێت، دەشڵێت، “چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان دەخەینە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە”.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، “دەبێت نیگەرانبین کە دەوڵەتێکی وەکو رووسیا باوەڕی وایە کە یاساکان بۆ ئەوان نین”، دەشڵێت، دەبێت خۆیان ئامادەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش.
بە گوتەی واڵاس، هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا لەژێر گوشاردان و خۆیان رێکدەخەنەوە، “ئۆکراینییەکان شەڕێکی زۆر سەخت دەکەن”. وەزیرە بەریتانییەکە پێیوایە کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا “هەڵسەنگاندنی هەڵە”ی کردووە لەوەی باوەڕی بەخۆی هێناوە گەلی ئۆکراینا چاوەڕوانی ئەوە بووبن ئازادبن [لەدەست حکومەتی وڵاتەکەیان].
ئەوەش پێدەچێت بەو مانایە بێت کە رووسییەکان پێویستیان بەوەیە کە پلان داڕێژنەوە و ئۆپەراسیۆنەکەیان خاو بکەنەوە. واڵاس دەپرسێت، “یەکێک لە ترسەکان کە هەموو کەسێک دەبێت هەیبێت ئەوەیە کە ئایا ئەو [پووتین] دەزانێت لە ئۆکراینا چی روودەدات؟ ئایا خەڵک راستییەکەی پێدەڵێن؟”
وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەشڵێت، “دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش کە لەوانەیە بۆردوومانی بێبەزەییانەی شارەکان، پێشڕەویی زیاتری سەربازی و کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەوەش ترسناکە”.
“باشترین هاوڕێی پووتین، ئێستا سەرۆکی بێلاڕووسە”
بێن واڵاس دەڵێت، “نابێت [پووتین] ئەو راستییە لەبیربکات کە باشترین هاوڕێی ئەو لەم ساتەدا وادیارە کە سەرۆکی بێلاڕووسە.. پێویستە بزانێت کە لە بەرەیەکی هەڵەی مێژوودایە”.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ گۆڕانکارییەک لە پرسی ئەتۆمیی رووسیادا رووینەداوە، هۆشدارییش دەدات لەوەی کە وڵاتەکەی ئەویش خاوەنی هێزی ئەتۆمییە و پووتین دەبێت بزانێت کە چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی لەلایەن رۆژئاواوە بە چەکی ئەتۆم یان زیاتر دەبێت.
واڵاس دەشڵێت، بەریتانیا هیچ کارێک ناکات بۆ هەڵکشانی بابەتی ئەتۆمی، بەڵام “ئەمە شەڕی زارەکییە و پێویستە لەوە دڵنیابینەوە کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە”.