دوای هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئاوارەبونی سەدان هەزار کەس لەو وڵاتە، دۆخی هاوڵاتیانی کورد و خوێندکارە کوردەکان لە ئۆکرانیا بەرەو خراپتربون چوە و خوێندکارەکان داوای بەهاناچون دەکەن و رایدەگەیەنن، ” لەم دۆخەدا هاوڵاتیانی کورد بۆ هاوکاری پەیوەندیان کرد بە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکرانیا بەڵام کوردەکانی باڵیۆزخانە پێییان وتین لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت.”
ئارا حاجی عەبدوڵا، خوێندکارێکی کوردە لە ئۆکرانیا و بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، ” دۆخی هاوڵاتیانی کورد و عێراقی و خوێندکارەکان، دۆخی خودی ئۆکرانیـیەکان و ئەجنەبیـیەکان لە دۆخێکی خراپدان، چونکە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە، سوپای ئۆکرانیا شەڕی پارتیزانی دەکات زیاتر لە 3500 سەربازی ڕوسی کوشتوە، جگە لە زیانەکان بە فڕۆکە و تانکەکانیان، حاڵی خوێندکارە کوردەکانی ئۆکرانیاش خراپە چونکە ئەوەی توانیویەتی ڕۆیشتوە بەرەو سنورەکان یان پەڕیوەتەوە وڵاتانی تر، من ئێستا لە سنوری پۆڵنداوە قسەتان لەگەڵ دەکەم سەرمایەکی زۆر بەهێز هەیە.
ئارا کە خوێندکارێکی کوردە لە ئۆکرانیا و بۆ ماستەر دەخوێنێت، ئاماژەی بەوەشكردوە، ” لە ڕێگان لە سنوری پۆڵندا هێڵەکانی پەیوەندیکردن زۆر خراپن، هەروەها حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم لە گەنجەکانی خۆمان بێزارن دەیانەوێت لە ئاوی ئیجەدا بخنکێن، چاوەڕێی ئەوە نین ئەوانەی هاتون بۆ ئۆکرانیا زانست فێربن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن هەتا هیچمان بۆ بکەن، هیچ هیچییان نەکردوە بۆمان. “
لەبارەی جێنەهێشتنی ئۆکرانیاش لە چەند هەفتەی رابردودا ئارا ئاماژەی بەوەکردوە،” لێرە ژیان ئاسایی بو، دەوام هەبو ڕۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە زانکۆکان هەبون ، ژیان ئاسایی بو، ئەو دەنگۆیانەی هەڵگیرسانی جەنگیش وەک پڕوپاگەندەیەک سەیر دەکران کە بەردەوام ئەو گرفتە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هەبوە، ئەوەی پێشتر فریا کەتوە بە ڕێگای فڕۆکە گەڕاوەتەوە، ئەوەشی فریا نەکەوتوە ئیتر دەسەڵات نیـیە، هەروەها ئەوەندەی تا ئێستا ئاگاداربم خوێندکارێکی کورد مردوە، خوێندکارێکی تریش قاچی لەدەستداوە کە هەردوکیان کوردی خۆمانن. “
ئارا حاجی باسی لە دۆخ و گوزەرانیان کرد لە ڕوی خۆراکەوە وتی، “لێرە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خێرخوازی هەن کە خۆراک دەهێنن بۆ خەڵکەکە، وە خەڵکی گوندەکانیش هەر خۆراک دەهێنن، سندوقێک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ سەربازانی ئۆکرانی بەو شێوەیە خوێندکارانی کورد دەتوانن خۆراک پەیدا بکەن یان شتێکی کەمی لەگەڵ خۆی هێنابێت یاخود کڕیبێت لەوە زیاتر نیـیە. “
سەبارەت بەوەی ئایا لە ئێستادا هیچ لە حکومەتی عێراق و هەرێم پەیوەندییان پێوە کردون، ئەو خوێندکارە کوردە ئەوەی خستوەتەڕو، ” لە سەرەتای گرژییەکان د. دانەر نوێنەری حکومەتی هەرێم پەیوەندی پێوە کردین، هەندێک بەرچاو ڕونی پێداین تەنها ئەوەندە بوە هەتا شەڕەکە دەستپێکرد هیچ لایەنێکی تر پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردوە تەنانەت چەند خوێندکارێک پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی عێراقیەوە کردوە هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە کە (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت) ئەوە وەڵامی باڵیۆزخانەی عێراقی بوە بۆ کوردانی ئۆکرانیا.
لای خۆیەوە د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە، “هیوادارین هاوڵاتیانی ئێمە لە ڕێگای ئەم پەیامەوە پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن تا بتوانین لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی کارێک بۆ هاوڵاتیانی خۆمان بکرێت هەرچی لە توانادا بو بۆ پاراستن و دورخستنەوەیان لە شوێنی مەترسیدار.”