فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ئاشکراکرد و دەڵێت ” هیچ یارییەکی نێودەوڵەتی لە رووسیا بەڕێوەناچێت و هەڵبژاردەکانی ئەو وڵاتەش لە دەرەوەی خاکی خۆیان یارییدەکەن.”
فیفا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت ” جارێکی دیکە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەکەین و هەرگیز توندوتیژی چارەسەر نییە، فیفاش هاوهەڵوێستە لەگەڵ ئەو خەڵکەی لە ئۆکراینا رووبەڕووی هێرشەکان دەبێتەوە.”
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی تۆپی پێ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەنجوومەنی فیفا کە لە سەرۆکی فیدراسیۆنی و سەرۆکی شەش فیدراسیۆنی ئەندام پێکهاتووە، بڕیاردرا رێوشوێنی سەرەتایی بگیرێتە بەر و رێگە نەدرێت هیچ یارییەکی نێودەوڵەتی لە رووسیا بەڕێوەبچێت.
سەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردە و یانەکانی رووسیاش لە یاریگەی بێ لایەن و بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچن، هیچ یارییەکی رووسییەکانیش لەژێر ئاڵای رووسیا نابێت و دەبێت لەژێر لۆگۆی فیداسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بەشداربن و سروودی نیشتمانی رووسیاش لە هیچ یارییەکی نێودەوڵەتیدا لێنادرێت.
فیفا لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت ” لەگەڵ لیژنەی ئۆڵیمیپی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و دامەزراوە وەرزشییەکانی دیکە لە گفتوگۆی بەردەوامدادەبێت، بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی دیکە و لەوانەیە ئەگەری دوورخستنەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێبکرێت.”
لەبارەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022 کە مانگی داهاتوو بڕیارە رووسیا بەرامبەر پۆڵەندا یاریی بکات، فیفا دەڵێت ” لەگەڵ فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی پۆڵەندا، چیک و سوێد گفتوگۆمان کردووە و بەیەکەوە چارەسەرێکی گونجاو دەدۆزینەوە.”، ئەمە لەکاتێکدا ئەو سێ هەڵبژاردەیە ئامادەنین لەگەڵ رووسیا یاریی بکەن.