جارێکی دیکە نرخی نەوتی برێنت بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بۆ زیاتر لە 103 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ دووشەممە 28-02-2022 بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، هەر بەرمیلێک بە 103 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 96 دۆلار و 93 سەنتە. نرخی گازی سرووشتییش بە هەمان شێوە بەرزبووەتەوە.
دوای بڕیارەکەی سەرۆکی رووسیا بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا، ئەو وڵاتە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا و جیهانەوە رووبەڕووی لێشاوێک لە سزای ئابووری بووەوە.
بازاڕەکانی جیهان گەورەترین کاردانەوەیان بە دەستپێکی شەڕی رووسیا پێشاندا؛ ئاستی پشکەکانی کۆمپانیاکانی تایبەت بە وزە دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامن لە زیادکردنی سزاکانیان بۆسەر رووسیا، رۆژی یەکشەممە 27-02-2022 یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری دا بە داخستنی سنووری ئاسمانیی یەکێتییەکە بەڕووی فڕۆکە رووسییەکاندا، ئەمەش جگە لە پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی بە ئۆکراینا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.