بایدن: پاڵپشتیی ئۆکراینا دەکەین، بەڵام شەڕی سەربازیمان نابێت لەگەڵ رووسیا

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا، بەڵام هێزەکانیان ناچنە بەرەی جەنگ لە ئۆکراینا و راستەوخۆ رووبەڕووی رووسیا نابنەوە.

حەوت رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامن لە راگەیاندنی سزا بەسەر رووسیا. ئەمڕۆش چاوەکان لەسەر ئەوە بوون کە جۆ بایدن چ هەنگاوێکی نوێ بەرامبەر رووسیا یاخود ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکە دەگرێتە بەر.

تاوەکو ئێستا سزاکانی رۆژئاوا، رووسیای نەوەستاندووە و بەردەوام هێزی زیاتر رەوانەی ئۆکراینا دەکات. بایدن بەڵێنیدا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر رووسیا بسەپێنن. یەکێک لە سزاکانی ئەمریکا کە ئەمشەو بایدن رایگەیاند، قەدەخەی گەشتی فڕۆکەی رووسی بوو بۆ ئەمریکا.

هەروەها یەکێکی دیکە لە سزاکان ئەوە بوو کە دەست بەسەر سامان و موڵکی سەرمایەدارە رووسییەکان دەگرن.

جۆ بایدن کاتژمێر 21:00ـی رۆژی 01-03-2022 بە کاتی ئەمریکا چووە کۆنگرێس و ئەندامانی کۆنگرێس بە ئاڵای ئۆکرایناوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و لە کاتی قسەکردنیشیدا بەردەوام چەپڵەیان بۆ لێدەدا بە تایبەت ئەو کاتانەی کە باسی دۆخی ئۆکراینا و پاڵپشتیی لەو وڵاتە دەکرد.

وەکو بایدن دەڵێت، پووتین ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر “پەراوێزخراوە”، ئەو پەراوێزخستنەش بووەتە هۆی دابەزاندنی بەهای رۆبڵ بەخێراییەکی زۆر. لە ماوەیەکی کەمدا رۆبڵ 30%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، دابەزینەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو 40%ـی بەهاکەی لەدەستدەدات.

یەکێک لە چەکە قورسەکانی دەست وڵاتانی رۆژئاوا، بێبەشکردنی رووسیا بوو لە سویفت. یەدەگی رووسیا نزیکەی 630 ملیار دۆلارە، جۆ بایدن دڵنیایی دەدات لەوەی کە لە رێگەی رێگریکردن لە بانکی ناوەندی رووسی، ناهێڵن ئەو وڵاتە سوود لەو یەدەگە گەورەیە ببینێت.

سویفت چییە و بێبەشکردنی رووسیا چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتەکە دەبێت؟

هەروەها بایدن پێیوایە، وایان لە رووسیا کردووە کە دەستی بە تەکنەلۆژیاکان نەگات، ئەوەش لەڕووی سەربازییەوە ئەو وڵاتە لاواز دەکات.

جۆ بایدن لە قسەکانیدا زیاتر هێرشەکانی بۆ سەر پووتین بوو نەوەک رووسیا، تەنانەت لە کاتی باسکردنی دابەزینی بەهای رۆبڵ ئاماژەی بەوە دا، “پووتین بەتەنیا لەمە بەرپرسیارە”.

ئۆکراینا بە وڵاتێکی دۆستی رۆژئاواییەکان هەژمار دەکرێت، هەرچەندە نە ئەندامی ناتۆیە و نە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتییەکی گەورەی ئۆکراینا دەکەن. بە گوتەی بایدن ئەمریکا لە پلانیدایە یەک ملیار دۆلار وەکو یارمەتیی پێشکێش بە ئۆکراینا بکات.

بەڵام گوتیشی، “هێزەکانمان لە شەڕدا نین و لە شەڕیشدا نابن لەگەڵ هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا. هێزەکانمان ناچن بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی لە ئۆکراینا شەڕبکەن، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ لەوێن ئەگەر پووتین بڕیاربدات بەرەو رۆژئاوا بکشێت. بۆ ئەم مەبەستە، جوڵەمان بە هێزی زەمینی ئەمریکی کردووە”.

سەرۆکی ئەمریکا دیسانەوە رووی قسەکانی کردە پووتین و گوتی، “دیکتاتۆرێکی رووسی وڵاتێکی بیانی داگیربکات، لەسەر ئاستی جیهان باجی دەبێت. کرداری پێویستیش دەنوێنم بۆ ئەوەی دڵنیابم سزاکانمان، ئابووریی رووسیا دەکەنە ئامانج.”

سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتێک کە نزیکەی 40%ـی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دابیندەکات بێ لێکەوت نابێت. دوای راگەیاندنی سزاکان، لە ماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە هەشت ساڵی رابردوودا و ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی برێنت 110 دۆلاری تۆمارکرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا لەگەڵ 60 وڵاتی دیکە کاری کردووە بۆ ئەوەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوت لە نەوتی یەدەگیان بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، هەروەها ئامادەن لەو بڕەش زیاتر هەناردە بکەن. بایدن پێیوایە بەم هەنگاوە دەتوانێت رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بگرێت.

بەرگریکردنی ئۆکراینا بووەتە رۆژەڤی میدیاکانی رۆژئاوا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام ستایشی رۆڵی سەرۆک و سەربازانی ئۆکراینا دەکرێن. لەو بارەوە بایدن دەڵێت، “ئۆکراینییەکان بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕدەکەن. بەڵام رۆژانی داهاتوو، هەفتەکانی داهاتوو، مانگەکانی داهاتوو قورس دەبێت بۆیان”، هەروەها گوتیشی، پووتین “وایدەزانی ناتۆ ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام پووتین هەڵەیە و ئێمە پێکەوە بەرەنگاری دەبینەوە”.

پەیوەندیدار