راگەیەندراوی یازدەمین كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

ئێستانیوز : بێستون لەتیف

كاتژمێر(30: 10)ی رۆژی 3ی ئاداری 2022 ، لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر، لە ژێر دروشمی” حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە ، چاكسازی و دابینکردنی کار” بە بەشداری (237) نوێنەر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و هەندەران، یازدەمین كۆنگرەی ئاسایی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو . كۆنگرە، بە خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و مارشی ئەی ڕەقیب كرایەوە. لە دانیشتنی كردنەوەدا، سەرەتا وتاری لێژنەی ئامادەكار‌یی کۆنگرە خوێندرایەوە ، پاشان لە لایەن هاوڕێ بەڵێن عەبدولڵا راپۆرتی سیاسی پێشکەش کرا. لە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەم و دووەمی كۆنگرەدا، دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی گەرم و گوڕی هاوڕێیانە، دروشمی سەرەکی کۆنگرە، لۆگۆ، رەشنوسی راپۆرتی سیاسی، بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و راپۆرتی دارایی پەسەندكران. بۆ هەلسەنگاندنی کارەکانی حزب لەنێوان دوو کۆنگرەدا، دانیشتنێکی کراوە تەرخان کرا، لەو تەوەرەدا گفتوگۆی جددی لەسەر رەوشی حزب کرا و لە دیدێکی رەخنەگرانەوە پەنجە لەسەر خالە لاوازەکان دانرا، كۆنگرە جەختی لەسەر پێداچوونەوە و پتەوكردنی سەرەتاکانی ڕێکخستن و پیادەکردنی پڕانسیپی “التقدير والتقصير” لە کاری ڕێکخراوەیی کردەوە و ئەنجومەنی گشتی راسپارد بۆ بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان؛ هەر لەو تەوەرەدا هەڵوەستەیەکی ڕەخنەگرانە لەسەر گوتاری سیاسی کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵک، ئازادییە دیموکراسیەکان، بەدیهێنانی حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە ، چاکسازیی ڕاستەقینە و دابینکردنی کار ، لە ئەولەویەتی سیاسەتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەبێت. یازدەمین كۆنگرە لەکاتێک بەسترا ، كە جیهان بە دۆخێکی سیاسی هەستیار و ئاڵۆز تێدەپەڕێ ، ئێستا ئاشتی و ئاسایشی جیهان مەترسی لەسەرە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دیدگای سیاسی لەسەر رەوشی عێراق و کوردستان بەو شێوەیە رادەگەیەنێت :رەوشی عێراقرۆژ بە رۆژ دۆخی عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێت، كێشەی عێراق لە بنەڕەتدا بۆ بونیادی خودی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە . بۆیە سەرەڕای هەبوونی سامانی زۆری مرۆیی و سروشتی‌، هێشتا عێراق لەناو کێشەی قووڵی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و ئابووری دایە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پێیوایە تا كێشەی بونیادی دەوڵەتی عیراق بە فۆڕمێکی نوێ چارەسەر نەکرێ، تا باڵادەستبوونی پێکهاتەیەک بەسەر ئەوانی دیکە بمێنێ، ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا جێگیر نابێ. رەوشی هەرێمی كوردستانرەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان، رەوشێكی ناجێگرە و لەژێر كارتێكردنی كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی‌ و ناكۆكی‌ و ململانێی نێودەوڵەتی، ناوچەیی، عێراقی و نێوخۆیی دایە. شاراوەنییە کە لەئاستی ناوچەیی و عێراق دا، کار بۆ بچووک كردنەوە و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان دەکرێ ، هاوشانی ئەوە لە ئاستی نێوخۆدا، لێكەوتەكانی شێوازی حوكمڕانی و بەڕێوەچوونی ناكۆكی‌ و ململانێی سیاسی، بە شێوەی نەرێنی و درێژەكێشانی ئەم ڕەوشە لە نێوخۆدا، سەرچاوەی لاوازبوونی ئینتیمای نەتەوەیی و بێ ئومێدی خەڵکە. بە شێوەی گشتی هەرێمی كوردستان، کێشەی سەقامگیریی سیاسی‌ و ئابووری، کێشەی قۆرخکاری و دەست بەسەرداگرتن و خراپ كەڵك وەرگرتن لەداهاتی گشتی، پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین ، کێشەی بێكاری، بێ ئومێدبوونی گەنجان‌و كۆچكردن بەرەو هەندەرانی هەیە، ئەم رەوشە بەپلەی سەرەكی بۆ شكستی شێوازی حوكمڕانی ‌و پاوانكاریی‌و باڵادەستی حزب بەسەر كایە گرینگەكانی كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە . لە هەرێمی کوردستان هێشتا دوو زۆنی زەرد و سەوز، دوو دەسەڵاتی ئیداری لە واقیعدا هەیە ، سەرەڕای هەوڵی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە وەک گردێکی نیشتمانی ، هێشتا دوو هێزی چەكدار لەدەستی دوو حزبی دەسەڵاتدار بوونیان هەیە، کە مانەوە و بەردەوامبوونی ئەو هێزانە بەو شێوەیە لە دەستی دوو حزبی دەسەڵاتدار مەترسییەکی گەورەیە لەسەر كیانی هەرێمی كوردستان. بۆیە لەرووی سیاسییەوە دەستەبەركردنی سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی حوكمڕانیەکی دادپەروەرانە و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە بەندە بە کۆتایی هاتنی ئەم دۆخە داسەپاوە. ناوچە کوردستانییەکان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێیوایە ئاسایی كردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق، پێویستە لە ئەولەویەتی کارەکانی حكومەتی هەرێم‌ و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێ لە بەغدا ، نەک ململانێ لەسەر پۆست‌ و ئیمتیازاتی حزبی . لەپاش رووداوەكانی شەڕی داعش، دەرگای زیاتر بەرووی بە عەرەبكردن و شێواندنی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە كراوەتەوە، بۆیە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، پێیوایە بۆ پرسی ئەو ناوچانە و بەرەنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان دەبێ لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان، کارنامەیەکی هاوبەش هەبێت.پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان جەخت لە پێویستیی هەبوونی دەستوورێكی دیموكراسی‌ و مەدەنی دەکات ، كە رەنگدانەوەی واقعی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستان بێت، بەهەموو رەنگ و پێكهاتەكانیەوە و پێیوایە دەستوور بنەمایەکی پتەوە بۆ چەسپاندنی سیستەم‌ ، بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری‌، دەستەبەركردنی سەقامگیریی سیاسی‌ ، ئابووری ‌، كۆمەڵایەتی‌، فەراهەمكردنی ماف و ئازادییە بنچینەییەكان‌ و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بۆیە دواخستنی دەستوور لەبەرژەوەندی باڵای هەرێمی كوردستان نییە و بێباکی لە بەرانبەر دەستوور لە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دایە.رەوشی چەپی کوردستانحزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکی چەپی کوردستان، پێی وایە کە ئەمڕۆ چەپ لە کوردستان لە ئاست قوربانیەکانی نیە و لە کایەی سیاسی کارەکتەرێکی بەهێز نییە، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی و خودی هەیە، کە هۆکارە خودیەکە پتر لە هۆکارە بابەتیەکە پێویستی بە هەڵوەستە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە هەیە، لەو سۆنگەیەوە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێیوایە کۆمەڵگەی کوردستان ئێستا پتر لە رابردوو پێویستیی بە پەرەپێدانی خەباتی چینایەتی، دیدگا و هزری چەپ ، بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و رێکخراوەیی چەپ هەیە. پرسی نەتەوەیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان یه‌کڕیزیی کوردستانی و کاری هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای هاوکاریکردن که‌ دوور بێت له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌‌ کاروباری یه‌کتر، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بە پێویستی قۆناغه‌که دەزانێ و ‌ له‌‌پێناو خاوه‌نداریکردن له‌‌ناسنامه‌ی کوردستانی و پڕۆژه‌ی کاری هاوبەشی نه‌ته‌وه‌یی، خواستی خۆی بۆ به‌‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان به‌‌ به‌‌شداری سه‌رجه‌م هێزه‌ کوردستانییه‌کان دووپات ده‌کاته‌وه. لە دەستپێکی دانیشتنی رۆژی سێیەمی دا، کۆنگرە بە شکۆوە یادی 31 ساڵەی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمانی کردەوە و نوێنەرانی کۆنگرە خولەکێک بە بێدەنگی وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شــەهیدانی راپەڕین. كۆنگرە لەدوا وێستگەی كارەكانیدا بە ئامادەبوونی نوێنەری فەرمانگەی یاسایی پارێزگای هەولێر 23 ئەندامی بۆ ئەنجومەنی گشتی هەڵبژارد. یازدەمین كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان6ی ئاداری 2022

پەیوەندیدار