بایرن میونشنی ئەڵمانی دوای پێشکێشکردنی یارییەکی شێتانە، لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئەرێنا لە میونشن بە 7-1 لە رێد بۆل سالزبۆرگی نەمسایی بردەوە و بلیتێکی قۆناخی هەشتی بەدەستهێنا، لە یاریی چووندا هەردوو یانە لە نەمسا بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبووبوون.
باڤارییەکان بێڕەحمانە مامەڵەیان لەگەڵ میوانەکەیان کرد و هەرزوو رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی باشترین یاریزانی جیهان لە ماوەی 23 خولەکدا هاتریکی تۆمارکرد، کە بووە خاوەنی خێراترین هاتریک لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا.
لیڤا لە خولەکی 12 و 21ـدا بە دوو لێدانی سزا دوو گۆڵی کرد و لە خولەکی 23شدا گۆڵی سێیەمی خۆی و بایرنی تۆمارکرد.
نۆرە گەیشتە سێرج نابری و لە خولەکی 31 گۆڵی چوارەمی یانەی باڤاری تۆمارکرد.
لە نیوەی دوەمدا هیچ گۆڕانکارییەکە بەسەر یانەی میواندا نەهات و یاریزانەکانی بەدەست یاریزانانی بایرنەوە داماو دیاربوون، تاوەکو تۆماس مۆلەر لە خولەکی 54 گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد.
لە خولەکی 70 مۆریتس تاکە گۆڵی سالزبۆرگی تۆمارکرد، ئینجا لە خولەکی 84ـدا مۆلەر گۆڵی دووەمی خۆی و شەشەمی بایرن میونشنی تۆمارکرد، تەنانەت دوای دوای 3 خولەک لیرۆی سانێ گۆڵی حەوتەمی باڤاری تۆامرکرد و بە شایستەیی گەیشتنە قۆناخی هەشت.
لە یارییەكی دیكەدا لیڤەرپوول لەنێو ئانفێڵددا بە ئینتەرمیلان دۆڕا، بەڵام بە یارمەتی ئەنجامی یاریی چوون بلیتی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشت بەدەستهێنا.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لیڤەرپوول میوانداری ئینتەرمیلانی کرد و بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر پێیدۆڕا.
لە نیوەی یەکەمدا کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی زۆر بە وریایی و خۆپارێزی یارییان کرد و تونیان لەو 45 خولەکەدا تۆڕی گۆڵی خۆیان لەبەردەم هێرشە زۆرەکانی یاریزانانی لیڤەرپوولدا بپارێزن و نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا ئینتەرمیلان بە ئامانجی گۆڵکردن دەستی بە هێرشبردن کرد و دوای دروستکردنی چەند هەلێکی گۆڵکردن، لاوتارۆ مارتینیزی ئەرجەنتینی لە خولەکی 62 بە لێدانێکی بەهێز تۆڕی گۆڵی ئەلیسۆنی هەژاند و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانە ئیتاڵییەکەی تۆمارکرد.
دوای ئەو گۆڵە کوڕانی یۆرگن کڵۆپ تووشی گوشاربوون و ئینتەرمیلان سووربوو لەسەر تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، بەڵام دوای تەنیا دوو خولەک ناوبژیوان ئەلیکسیسس سانچێزی بە کارتی سوور دەرکرد و ئینتەرمیلان ناچاربوو بە 10 یاریزان یارییەکە تەواوبکات.
سەرەڕای ئەوەش یاریزانانی ئینتەر زۆر هەوڵیاندا گۆڵی دووەم تۆماربکەن، بەڵام یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 مایەوە و لە ئەنجامی هەردوو یارییدا بلیتی قۆناخی هەشت بەر لیڤەپوول کەوت، بەهۆی ئەوەی لە یاریی چووندا 2-0 براوە بوو.
ئەمشەویش لە هەمان قۆتاخدا ڕیاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان یاری لوتکە دەکەن و مان سیتیش میوانداری سپۆرتینگ دەکات.
لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ئەمشەو کاتژمێر 11 لە یاری لوتکەی قۆناغەکەدا، ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میوانداری پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی دەکات.
لە یاری چووندا، کە لە یاریگای باخچەی شازادەکان بەڕێوەچوو، پاریس سان جێرمان بە گۆڵێکی کیلیان مباپێ بردنەوەی بەدەستهێنا.
لە هەمان کاتدا و لە یارییەکی تردا، مانچستەر سیتی ئینگلیزی و سپۆرتینگی پورتوگالی لە یاریگای ئیتحادی تایبەت بە یانەی یەکەم ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یانە ئینگلیزیەکە لە گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی نزیکە، دوای ئەوەی لە یاری چووندا بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی لە سودی خۆی کۆتایی پێهێنا.