عەلی حەمەساڵح: تەنیا کێڵگەی خورمەڵە مانگی رابردوو داهاتەكەی 352 ملیۆن دۆلار بووە

عەلی حەمەساڵح رایدەگەیەنێت، لەمانگی رابردودا 352 ملیۆن دۆلار داهاتی کێڵگەی خورمەڵە بوە، بەڵام حکومەت کۆی گشتی داهاتی نەوت 350 ملیۆنی بۆ گەڕاوەتەوە، ئاشکراشیدەکات داهاتی نەوت دەستی بەسەردانەگیراوە و ئەو کەسانەشی وادەڵێن شەرعیەت بە دواکەوتنی موچە دەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەمانگی شوباتدا هەرێم بڕی 12ملیۆن و 443 هەزار بەرمیل نەوت، کە رۆژانە 448 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بە 18 کەشتی فرۆشراوە، بۆ ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا و بولغاریا ، لەو رێژەیەش 175هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەی خورمەڵەیە کە هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لێ نییە و بەهەمو خەرجییەکانەوە داهاتەکەی دەکاتە 352 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە هەمو داهاتی نەوت 350 ملیۆنی گەڕاوەتەوە.
ئاشکراشیکرد، هەموو داهاتی نەوتی مانگی رابردو 915 ملیار دینار بوە 874 ملیار دینارمان بۆ موچە پێویست بوە، ئەی پارەی داهاتی ناوخۆ چی بەسەرهاتوە؟ ئەو قسانەی باس لەوەدەکەن داهاتی نەوت دەستی بەسەرداگیراوە بە هیچ جۆرێک راست نییە، ئەوەی وا دەڵێت شەرعیەت بە دواکەوتنی موچە دەدات.
باسی لەوەشکرد، نابێت رێگە بدرێت دوو موچە تێكەڵ بكرێت و موچەی مانگی 2 و 3 بكرێت بە یەك موچە و بەهۆی نەورۆز و پشووەكانەوە تێی پەڕێنن.
وتیشی، دەیانەوێت ئەم چەند رۆژە بڕوات و هەفتەی ئایندەش دەكەوێتە پشووەوە، دەیانەوێت لە مانگی سێ‌ یەك موچە بدرێت، واتا موچەی مانگی 2 و 3یش.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین ئاشکرایکرد، یەک لیتر لە بەنزینە 690دیناریەکەی کار بۆ سلێمانی نانێردرێت و دراوە بە چەند کۆمپانیایەک، ئەمڕۆ نرخی یەک لیتر بەنزینی ئەو کۆمپانیایە لە بازاڕی جوملە 1000 دیناربوە.

پەیوەندیدار