تاوەکو دێت نرخی نەوت بەرزتر دەبێتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو 131 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نەوت رۆژی رابردوو گەیشتە سەرووی 132 دۆلار، بەڵام دواتر دابەزییەوە بۆ خوار 128 دۆلار. هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش بە 126 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی سێشەممە 8-3-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: “هەموو هاوردەیەکی نەوت و گاز و وزەی رووسی قەدەخە دەکەین. ئەوە واتای ئەوەیە کە نەوتی رووسیا چی دیکە لە بەندەرەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت و بەم جۆرەش خەڵکی ئەمریکا زەبرێکی دیکەی کوشندە لە پووتین دەدات”.
دوای بڕیارەکەی بایدن، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش یاسایەکی تایبەتی لەبارەی هاوردە و هەناردە بۆ وڵاتەکەی واژۆ کرد.
هەنگاوەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای گوشارێکی زۆری کۆنگرێسی وڵاتەکەی بوو، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری هاوشێوە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت زیاتر بەرزبکاتەوە.
ئەلیکساندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، “هەر بڕیارێک لەوبارەیەوە دەرەنجامی کارەساتباری لێ دەکەوێتەوە و نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 300 دۆلار.”