یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە شەوێکی لەبیرنەکراودا، ریمۆنتادای بەسەر پاریس سانجێرماندا کرد و لە چامپیۆنزلیگی دوورخستەوە.
کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ بردنەوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 3-1 و بەدەستهێنانی بلیتی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەچوو، کە لە نیوەی یەکەمدا یانەی میوان بە گۆڵێکی کیلیان ئێمباپێ پێشکەوت، کە لە خولەکی 39 تۆماریکرد، بەمەش ریال مەدرید لە نیوەی دووەمدا پێویستی بە 3 گۆڵ بوو، بەو پێیەی یاریی چوونیشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندبوو.
لە نیوەی دووەمدا راپەڕینی مێرینگێ بەسەرکردایەتی کەریم بنزیما دەستیپێکرد و لە هەڵەیەکی دۆنارۆمای گۆڵپارێزەوە تەقییەوە کاتێک تۆپێکی بەهەڵەی دایە ڤینیسیۆس و ئەویش گەیاندیە بەر قاچەکانی بنزیما، کە کەریم توانی گۆڵی بەرامبەربوون تۆماربکات.
ئەم گۆڵەی کەریم پاریس سانجێرمانی شێواند و لە خولەکی 76 هەمان یاریزان گۆڵی دووەمیشی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
هەڵەکانی پاریس بەردەوام بوون و دوای تەنیا دوو خولەکی دیکە بنزیما گۆڵی سێیەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، کە بەسبوو بۆ گەیشتنی ریال مەدرید بە قۆناخی هەشت.
کەریم لە تەمەنی 34 ساڵی و 80 رۆژیدا بووە گەورەترین یاریزان هاتریک لە چامپیۆنزلیگدا تۆمار بکات.