بەهۆی بەفربارینەوە لە ئیستەنبوڵ 418 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی شارەکە هەڵوەشێنرانەوە، هاوکات بەرپرسانی هەردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی رایانگەیاند، گەشتەکانی ئەمڕۆ بۆ ئیستەنبوڵ ئاسایی دەبن و رانەگیراون.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، هەرچەندە بەهۆی بەفربارینەوە سەدان گەشتی ئاسمانی بۆ ئیستەنبوڵ هەڵوەشێنراونەتەوە، بەڵام گەشتەکانی ئەمڕۆ شەممەی فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ ئیستەنبوڵ ئاسایی دەبن و رانەگیراون.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئیستەنبوڵ باسیان لەوەکردوە، ئامادەکاری و رێکاری پێویست گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شەپۆلی بەفربارینەکە و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، لەوانەش راگرتنی دەوامی سەرجەم قوتابخانەکان، فەرمانگەکان و گەشتەکان، هەروەها گەشتەکان بۆ هەردو فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن و ئیستەنبوڵ راگیراون.
لەم کاتەدا زیاتر لە 24 هەزار کارمەندی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی ئیستەنبوڵ خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەروەها زیاتر لە 23 هەزار کارمەندی شارەوانی کار بۆ پاککردنەوەی شەقام و رێگا سەرەکییەکان دەکەن.