لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپە، بە تۆمەتی کارکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای وان بڵاویکردەوە، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر شانە نهێنییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە و بەفەرمانی دادوەری کرا. بەپێی راگەیێندراوەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ گومانلێکراو بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکیی لەنێو ریزەکانی پەکەکە/یەپەگە دەستگیرکران.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنییەکانی لقی رێکخستنەکانی هەدەپە لە پارێزگای وان لە هەژماری تویتەریاندا رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان سێ ئەندامی ئەنجوومەنی لاوانیان بە ناوەکانی شاهین ئاکتی، نوروڵڵا پەکپای و تارق کڵنچ لەنێو ماڵەکانیاندا دەستگیرکردووە، بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا بکرێت.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی پزیشکی، بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگاکە کران.