ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەردانی ھەولێر دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی وەفدێک بگاتە شاری هەولێر و ئەو شوێنانە بەسەربکاتەوە کە موشەکەکانیان ئاراستەکرابو.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردوەتەوە، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتودا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەری هەریەکە لە عوسمان غانیمی وەزیری ناوخۆ و جومعە عناد وەزیری بەرگری بگاتە شاری هەولێر و شوێنی کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان بەسەربکاتەوە.
هاوکات درەنگانی شەوی رابردو نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی پێوەکردوە و تێیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و گۆڕانکاری و روداوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، و لای خۆیەوە بلینکن جەختی هەماهەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیەکانی لە ئاسایش و سەروەری خاکی عێراق کردوەتەوە.
هاوکات مستەفا کازمی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاشکرایکرد، حکومەت بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێک کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی لەهەر هێرشێک یان زیانیك بۆ سەر وڵات و شکۆی هاوڵاتییەکانی.
جەختیلەوەشکردەوە، رێگەنادرێت عێراق ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێی دەرەکی و بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی رۆڵی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
هەر لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی مستەفا کازمیدا هاتوە، دواین گۆڕانکاری و پەرەسەندنە هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی بۆچونەکان لەبارەی باشترین چارەسەرەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکان و بەدیهێنانی ئاسایش عێراق و ناوچەکە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پێکهێنا.

پەیوەندیدار