وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مانگانە واشنتن 2 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی مایک پۆمپەیۆ لە هەڕەشەکانی ئێران خەرجدەکات.
پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، ئێران تۆمەتباری دەکات بە سەپاندنی سزای کەمەرشکێن بەسەر ئێراندا. پۆمپەیۆ لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا پاڵپشتی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکرد کە دەیگوت، “سولەیمانی دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی داوەتە کۆنگرێس و تێیدا ئاماژەی بە خەرجی پاراستنی مایک پۆمپەیۆ و برایان هووک، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کردووە، خەرجی هەردوو بەرپرسەکە لەسەر ئەمریکا لەنێوان ئابی 2021 تاوەکو شوباتی 2022 گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار.
راپۆتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە پۆمپەیۆ و برایان هووک، تاوەکو دوای هاتنە دەسەڵاتی جۆ بایدن و دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە لەژێر هەڕەشەدا بوون.