34 ساڵ بەسەر تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی فاشیەوە تێدەپەڕێت، لەو یادە کارەساتبارەدا، سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین، ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان خواستی چەندین جارەمان دووپات دەكەینەوە كە هەرچی پێویستە بۆ بریندارانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بكرێت و درێغی لە تیماركردنی جەستەییو دەروونی هەڵەبجەییەكان و کەسوکاری شەهیدان بە گشتی و شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە بە تایبەتی نەكرێت.
34 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، رژێمی ئەوسای عێراق، لەو تاوانەیدا برینی خستە جەستەی مرۆڤایەتیو كوردستانەوە، بەكارهێنانی چەكی کیمیاویی قەدەغەکراو لە ئاستی نێودەوڵەتی گەلەکەمانی ڕووبەڕووی جینۆساید کردەوە، بەشێوەیەک کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت ئەو برینە ساڕێژ نەبووە.
زامی کارەساتی هەڵەبجە بە پرسی هەموو مرۆڤایەتی دەزانین، هەروەها دەوڵەتی عێراق بەبەرپرس دەزانین كە دەبێت وەك میراتگری رژێمی روخاوی بەعس داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان و هەڵەبجەیەكان بكاتو قەرەبووی تەواوی ماددی و مەعنەوی ئەم تاوانە بكاتەوە.
هاوكات ئەرکی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە نیشتمانیەكان لەهەرێمی كوردستان کە دەستی کۆمەک و ئاوەدانکردنەوە بۆ هەڵەبجە درێژ بکەن .
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بە دەست حوکمڕانیەکی خراب دەناڵێنێت، ئەوەیان هێندەی دیكە تاوانی هەڵەبجە بە ئازارتر دەكات، گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبونی كارو دامەزراندن و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، قوڵ كردنەوەی برینی تەواوی خەڵکی کوردستانە بە تایبەت هەڵەبجەییەكان.
بۆیە هەر هەنگاوێک بۆچارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی كوردستان و كەموكورتیەكانی هەڵەبجە، ئەوپەڕی رێزگرتنە لە شەهیدانی هەڵەبجەو گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان.
جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە دەبێت هەموو رێوشوێنەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان تەواو بكرێن و بودجەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری هەڵەبجە دابین بكرێت.
دەبێت کەیسی کیمابارنی هەڵەبجە وەک بەشێک لە هەڵمەتی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە سەکۆ نێودەوڵەتیەکان کاری لەسەر بکرێت، تا جارێکی دیکە گەلەکەمان رووبەڕووی تاوانی لەو شێوەیە نەبێتەوە.
دوا جار دەڵێین یادی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید، وانەیەكی گرنگیشە بۆ دیكتاتۆرو ناحەزانی كوردستان، كە چۆن بكەرانی چوونە ناو زبڵدانی مێژوو.
درود بۆ گیانی شەهیدان و هیوای چاكبونەوەو تەمەن درێژی بۆ بریندارانی چەكی كیمیاویی.
سڵاو بۆ خەڵکی هەڵەبجە.. رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی كوردستان شاد..
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
15/3/2022