وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، ژمارەیەک بڕیاری بۆ پشتگیریکردنی جوتیارانی عیراقی جێبەجێ دەکات پێش دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردنی دانەوێڵەی گەنم کە بڕیاریە لە یەکی نیسانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. دەشڵێت، “تەواوی بڕی گەنمی هەولێر و دهۆک و نەینەواش وەردەگرن”.
محەمەد حەنون، بەرپرسی کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی دانەوێڵەی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەدانیشتنی یانزەیەمی دوێنێیاندا ژمارەیەک بڕیاریان بۆ پشتگیری جوتیاران دەرکردووە لەسەر بنەمای ئەوەی قۆناغی داهاتوو پێویستی پێیەتی و بەپێی ئەو هەلومەرجەی لە ئێستادا جیهان پێیدا تێپەڕدەبێت.
دەشڵێت، بڕیاریان داوە بڕی تەواوی ئەو گەنمەی لە هەولێر و دهۆک و نەینەواش هەیە وەربگرن لەپێناو هاوکاریکردنی جوتیاران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکاری یەکێتی گشتی کۆمەڵەی کشتوکاڵی کە کێشەی جوتیارانی قەزای شێخان و زلیکان و ناوچەکانی دەوروبەرییان خستبووە روو چارەسەرکراوە و ئەوانەش وەردەگیرێت و دەخرێنە کۆگاکانی دەوڵەتەوە.
باسی لەوەشکردووە، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ بەبازاڕکردنی ئەو بڕەی کە لە بەروبوومی گەنمی ناوچەی ئەلئەزیری سەر بە پارێزگای میسان بەرهەم دەهێنرێت و بەمەبەستی یارمەتیدانی جوتیاران، لیژنەکە بەبازاڕکردنی بڕی ئەوگەنمەی لە لقی کۆمپانیاکە لە بەسرە هەیە پەسەند کردووە.