د.هێرش سەید سەلیم : تەندروستی سلێمانی لە لێواری داڕوخاندایە

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت تەندروستی هەرێم لەلێواری روخانەو دەشڵێت ئەگەر قەیرانی تەندروستی بەشێوەیەکی بنبڕ چارەسەر نەکرێت بەدڵنیاییەوە تەندروستی هەموو بەرپرسانیش دەکەوێتەوە ژێر پرسیار و مەترسیەوە.

د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی سەبارەت بە کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە سنوری سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، ئەگەر پێشتر کێشەکانی بەهۆی قەیرانی کۆمپانیاکانەوە بو بێت لە سلێمانی بۆنموونە بەهۆی نەدانی پارەی پێشینەی کۆمپانیاکان بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینە کەم بو، بەڵام ئێستا کێشەکان لە تەندروستی دەرچوە بۆتە کێشەی گشتی لە سلێمانی، قەیرانی زۆر شت لە تەندروستیدا دروستبووە هەر دەرمان نییە بەتەنها بەڵکو خواردن و پاککردنەوەشی گرتۆتەوە ئێمە هەمو شتێکمان کردوە و بەچەک ئامادەیە، بەڵام کە دەچین بۆ بانکەکان بیانوی ئەوە هەیە ئێستا لەکاتی دابەشکردنی موچەدا بانکەکان پارەی تێدا نییە بۆیە پارەکە خەرج ناکرێتەوە.

ئاشکراشیکرد، لەماوەی ڕابردودا زۆر شتمان بەقەرز هێناوە تەنانەت سوتەمەنی ئامبوڵانەسەکانیشمان بەقەرز هێناوە ئێستا متمانەی ئەوەمان نەماوە لەبازاڕدا بە قەرزیش بیهێنین، بۆیە مەجبورین ئێمە ئەو خزمەتگوزاریانە لەئێستادا ڕابگرین ئەگەر لەوە زیاتر تەشەنە بسێنێت بەدڵنیاییەوە داخستنی نەخۆشخانەکانی تێدەکەوێت و حاڵەتەکە دەگاتە ئەوەی مەترسی بگاتە بەشی فریاگوزاریەکان، بۆیە بەڕاستی ئەگەر کار بگاتە ئەوە ئێمە ئاڵای سپی هەڵدەکەین واتە تەسلیمی ئەو بارودۆخە دەبین کە هەیە چونکە هیچ شتێک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوە، ئێمە ئەو توانا مرۆیەی کە هەمانە لە نەخۆشخانەکاندا تائێستا ڕامانکێشاوە.

هاوکات لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیلەوەکردەوە، تەندروستی لە لێواری ڕوخاندایە و چاوەڕێی هەڵستانەوەی بەم چکە چکەی کە دەڵێن بەو مەمری و مەژیەی نابێت کە ڕۆژێک چارەسەری بکەیت و دو ڕۆژ وازی لێبهێنیت لەبەرئەوە ئەگەر قەیرانی تەندروستی بەشێوەیەکی بنبڕ چارەسەر نەکرێت بەدڵنیاییەوە تەندروستی هەموو بەرپرسانیش دەکەوێتەوە ژێر پرسیار و مەترسیەوە لەبەرئەوە با فریای خۆیان بکەون پێش ئەوەی فریای تەندروستی خەڵکی ڕەشوڕوت بکەون

وتیشی، بەرپرسانی هەرێم چارەسەریش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرن خۆ ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک کەسوکارن دوای ئەوەش لەسەری ئەواندا دەشکێتەوە واتە کە شیرازەی تەندروستی تێکچو واتە شیرازەی کۆمەڵگە و ژیان و مردنی خەڵک بەدەستی ئەوان دەبێت.

پەیوەندیدار