ئەمڕۆ (34) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ (34) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، خەڵکەکەی چاوەڕوانی خزمەت و گەشەپێدانی زیاترن، رەخنەی ئەوەش دەگرن کە دەسەڵاتی کوردی چەند ساڵی رابردودا لە ئاست بەرپرسیارێتی ئەو کارەساتەدا نەبوە کە بەسەر شارەکە و خەڵکەکەیدا هاتوە.

جوگرافیای هەڵەبجە
ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، (75)کیلۆمەتر لە باشوری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە دورە و روبەرەکەی (1599) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورە دراوە و بەدرێژایی (75) کیلۆمەتر ھاوسنورە لەگەڵ ئێراندا.

دەشتی شارەزور کە یەکێکە لە دەشتە بەپیت و ناودارەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێکھێناوە کە پێدەشتەکە لە رۆژئاوای ھەڵەبجەوە دەستپێدەکات و لە رۆژھەڵاتی ناحیەی سورداش کۆتایی دێت.

ئەو رۆژەی شارێک خنکێنرا

لە رۆژی (16/3/1988) هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە شەهید بون، هاوکات دانیشتوانی شارەکە بۆ دەربازبون لە کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی رویان لە وڵاتی ئێران کرد و شارەکە لەژێر کرایگەری چەکی کیمیایی و بۆمباران کرندا بوە وێرانە.

هەزاران هاوڵاتی هەڵەبجە برینداربون و بەشیکی زۆریان بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا و ئیستاش سەدان قوربانی بەدەست ئازار و کارییگەرییەکانی چەکی کیمیاییەوە دەناڵێنن.

منداڵانی ونبو
بەهۆی هێرشی کیمیاییەوە سەدان منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان، لە چەند ساڵی رابردو لە ئەنجامی هەوڵە تاکە کەسییەکاندا ژمارەیەک لەو منداڵانە گەڕانەوە نیشتیمان و بە خانەوادەی راستەقینەیان شاد بونەوە کە دواترینیان خەلیل ساڵحە و دوای (34) ساڵ لە سەرەتای بە دیداری کەسوکاری شاد بونەوە.

رێکخراوی منداڵە ونبوەکانیش لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکەدا داوا دەکرێت یاسایەک بۆ ئەو پرسە لە پەرلەمان دەربکرێت و پەلە بکرێن لە پشکنینی (DNA) بۆ منداڵانی وبنو.

دوای بە پارێزگا بونی
رۆژی (5/2/2015) لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ (دو)ی نائاسایی ساڵی دوه‌می خولی چواره‌می پەرلەمان به‌ڕێوه‌چو کە تێیدا یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند کرا، ئەوەش هەڵەبجەییەکانی خۆشحاڵ کرد، بەڵام دوای تێپەڕبونی ئەو چەند ساڵە بە گوزەر کردن بە بازاڕ و شەقام و گەڕەکەکانی شارەکەدا هەست بەوە دەکرێت کە چوار ساڵی بەپارێزگابون سیمای شارەکەی بەرەو پێش نەبردوە.

هاوکات هاوڵاتیانی شارەکە دەڵێن: “ئەوەی ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد نەهاتەدی، کارەکان بە سیستی بەڕێوەدەچن و هەڵەبجە پەراویز خراوە”

پەیوەندیدار