نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، باشترین وەفاداری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی كوردستان، یەكڕیزیی و تەبایی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانە و پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێكی بڵاویكردوەتەوە تێدا هاتووە، باشترین یاد و وەفاداری و رێز بۆ گیانی شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی كوردستان، ئەوەیە هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان یەكڕیز و تەبابن و پێكەوە كاربكەن تاوەكو تەواوی مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان بەدەست بهێنین و فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بپارێزین.
لە پەیامەكەی سەرۆكی هارێمدا هاتووە، داوا دەكەن دەوڵەتی عیراق وەك ئەرك و پابەندیی یاسایی خۆی، كەسوكاری شەهیدان و ئەو قوربانییانەی هێشتا لە ژیاندان قەرەبوو بكاتەوە و چیتر پشتگوێ نەخرێن.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوا دەكات، عیراق هەموو هەنگاوەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات، تاوەكو بەو هەنگاوە كەمێكیش بێت لە خەمی هاوڵاتیانی ئەو شارە كەم بكاتەوە.