لە دوای نەورۆزەوە بەنزین بە شێوەی تاک و جووت دابەش دەکرێت

پارێزگاری هەولێر لەبارەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی رایگەیاند، بڕیاریان داوە ئۆتۆمبێلەکان بەپێی ژمارەکانیان بەنزین وەربگرن، واتە بەشێوەی تاک و جووت هەریەکەیان رۆژێکیان بۆ دابیندەکرێت، هەروەها شەش بەنزینخانەش تایبەت دەکرێن بۆ تەکسی و بەنزینخانەیەکیش بۆ پاسەکان.

ڕۆژی چوارشەممە 16-03-2022 ژووری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی نرخ لە سنووری پارێزگای هەولێر یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. لەو بارەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکیان داوە کە لە 24-03 تاوەکو 24-04-2022 وەکو ئەزموون کاریان پێدەکرێت.

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت 14 بەنزینخانەیان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاکسی و پاسەکان تەرخانکردووە کە رۆژێک بەنزین دەدەنە ئۆتۆمبێلی تابلۆ ژمارە تاک و رۆژێکیش بۆ تابلۆ ژمارە جووت دەبێت. دەشڵێت، ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی مانگێک ئەزموونی دەبێت.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین رایگەیاند: “یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، جیهانییە. بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەمانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هیچ جۆرێک رێگە بە قۆرخکاری نادەین و رێکارەکان تووندتر و بەردەوامتر دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕ. بەڵام ئەو پێداویستیانەی لە رووی جیهانیەوە نرخەکانیان بەرزبووەتەوە ئێمە ناتوانین رێگری لێبکەین”.

بە گوتەی ئومێد خۆشناو بەهۆی ئەوەی لە بەهار و نەورۆز، هەروەها لە مانگی رەمەزانیش نزیک دەبنەوە “بەهۆی زۆریی خواست لەسەر کاڵاکان نرخەکان بەرزتر دەبنەوە، بۆیە ئەگەر رێگری نەکرێت قۆرخکاری دروست دەبێت، بۆیە تیمەکانی قایمقامیەت و پۆلیسی شارەوانی و چاودێریی بازرگانی بەردەوام تیمەکانیان لەناو بازاڕدا دەبن”.

تایبەت بە سووتەمەنی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە چەند بڕیارێکیان داوە، بڕیارەکانیش کاتی دەبن و گوتی: “لە 24ی3 وە تا 24-04-2022، وەکو ئەزموونێک بۆ ئەو مانگە لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت، بڕیارەکانیش بریتین لە:

  1. ژووری ئۆپەراسیۆن، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی راسپارد، لەوەی هەر بەنزینخانەیەک ببێتە هۆکاری قەرەباڵخی دروستکردن لە شوێنە گشتییەکان و رێگە سەرەکییەکان، رێگەیان پێنەدرێت، ئەو بەنزینەی کە پێیدەگوترێت پاڵپشتیکراو، ئەوانەی لێبێت دەبێتە بارقورسی لەسەر خەڵک و دیراسەکردنی ئەو شوێنانە و ئەو بەنزینخانانەی کە قەرەباڵخی لێ دروست دەبێت.
  2. لە 24ی مانگەوە کار بە ژمارەی تاک و جووتی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکرێت، واتە رۆژێک ژمارەی ئۆتۆمبێلی تاک و رۆژێک ژمارەی ئۆتۆمبێلی جووت بەنزینی پێدەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش 7 بەنزینخانە تەرخان دەکرێن. هەروەها 6 بەنزینخانەش بۆ تاکسی تەرخان دەکرێت، ئەوانیش بە تاک و جووت بەنزینیان پێدەدرێت. لەگەڵ دیاریکردنی بەنزینخانەیەک بۆ پاس و ئۆتۆمبێلەکانی هۆیەکانی گواستنەوە، ئەویش بەهەمانشێوەیە بە تاک و جووت دەبێت.
  3. کردنەوەی بازگەکانی شاری هەولێر بە رووی هەموو ئەو بازرگانانەی کە بازرگانیی سووتەمەنی دەکەن، لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
  4. تایبەت بە نرخی نان و سەموون، نرخی 8 سەمون بە یەک هەزار دینار دەبێت، 4 نانی دەبڵ بە یەک هەزار دینار دەبێت، 8 نانی بچووکیش بە یەک هەزار دینار دەبێت. هەوڵەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و پارێزگا بەردەوام دەبن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پێناو دابینکردنی بڕی پێویست و پێداویستیی سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکان و سەمونخانەکان. هەروەها لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی ئارد. هەروەها دابەزاندنی 20٪ی نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان بەردەوام دەبێت.
  5. بەردەوامیی تیمەکانی پۆلیسی شارەوانی و قایمقامیەت و چاودێریی بازرگانی بۆ چاودێریکردن و تەواو دەسەڵاتدان پێیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی بازاڕ لە قەزای ناوەند و تەواوی قەزا و ناحیەکان.

پەیوەندیدار