ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە له ساڵیادی داگیركردنی عهفریندا رایگەیاند، عەفرین برینێکە کە هەمو کاتێک لە ڕۆژەڤیاندایە، دهشڵێت، “پێویستە هەموان باوەڕ بەوە بکەن کە دیالۆگ بۆ سوریایەکی دیموکرات و ئاشتیخواز پێویستە، دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەستپێبکەین، چەندین جار بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە پەیام و نامەمان بۆ دیمەشق ناردوە، بۆ ڕزگارکردنی سوریا لەو قەیرانە پێکەوە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین و سوریایەکی دیموکراتی بنیات بنێین”.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە له لێدوانێكدا لە ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا به ئاژانسی هەواڵی فوراتی راگهیاند، “بەداخەوە چوار ساڵە عەفرین داگیرکراوە، عەفرین برینێکە کە هەمو رۆژێک لە رۆژەڤی ئێمەدایە، بۆ رزگاکردنی عەفرین ئێمە بیر دەکەینەوە، کار دەکەین و خۆمان ڕێکدەخەین، دوژمن، عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی، ئیدلب، جەرابلوس، عەزاز و باب، هەروەها زۆر هەرێمی دیکەی سوریای داگیر کردوە، ئەگەر دەرفەتێک ببینن هەرێمی دیکەش داگیر دەکەن”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “لەو ناوچە داگیرکراوانەدا ئامانج بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و کەلتوری دیموکراتی بو، ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ڕاهێنانی چەتەکان و بڵاوکردنیان لە سەرتاسەری جیهاندا گۆڕدراوە، بارەگای ناوەندی دڕندەیی لە دەرەوەی مرۆڤایەتی لەم ناوچانەدا هەیە، سیاسەتی قڕکردن بۆ لەناوبردنی کەلتوری گەلەکەمان و گۆڕانی دیمۆگرافی و ناسنامە پەیڕەو دەکرێت”.
ئاڵدار خەلیل باسی لهوهشكرد، “خەڵکی عەفرین بەرخۆدان دەکەن گەلەکەمان شارە داگیرکراوەکانی بەجێنەهێشت بۆ ئەوەی هەمیشە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادی بکات، لە نزیکەوە مایەوە، بە تایبەتی سڵاو لە خەڵکی عەفرین لە شەهبا دەکەم، بەڕاستی وشەکان بەس نین بۆ ئەوەی باسی بەرخۆدانیان بکرێت، ماوەی چوار ساڵە لە حەلەب و شەهبا لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدان، گەلەکەمان لە کەمپەکاندا، گەلەکەمان لە سەرێکانی و گیرێ سپیش لە دۆخێکی سەختدان، چاوەڕێی ڕۆژی ڕزگارین و خۆیان دەکەنە هێزێکی ڕزگاری، ئەوان بەم ڕۆحەوە کار دەکەن”.
ئهوهشی خستهڕو، “چارەسەری کێشەی ڕۆژاڤا و سوریا دەبێت لە ڕێگەی کۆبونەوە و دیالۆگی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشقەوە بێت، هەرچەندە هەوڵ و کۆششی زۆر دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی نەنراوە، ڕوسیا و ئۆکرانیا وێڕای شەڕکردن لەگەڵ یەکتردا کۆدەبنەوە، هیچ چاوپێکەوتنێک لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا نییە، هەرچەندە هیچ شەڕێک لە ئاستی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا نییە، دیمەشق ناوێرێت، یان هەڕەشەی لێ دەکرێت. ناتوانین تەنها باسی یەک هۆکار بکەین، هۆکاری زۆر هەیە”.
ئاڵدار خەلیل رونیشیكردهوه، “پێویستە هەموان باوەڕ بەوە بکەن کە دیالۆگ بۆ سوریایەکی دیموکرات و ئاشتیخواز پێویستە، دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەستپێبکەین، چەندین جار بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە پەیام و نامەمان بۆ دیمەشق ناردوە، بۆ ڕزگارکردنی سوریا لەو قەیرانە پێکەوە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین و سوریایەکی دیموکراتی بنیات بنێین، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوە نەنراوە، هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەنجام بەدەست دەهێنین”.