مەرجەکانی پوتین بۆ وەستانی شەڕ لە ئۆكرانیا چین؟

داواکارییەکانی پوتین بۆ دوبەرە دابەشدەبن و بەشی یەکەمییان بە ئاسان دەبینرێن، بەڵام بەشی دووەمیان قورسترن و پەیوەندییان بە دەستبەرداربوون بەبەشێکی خاکی ئۆکرانیاوە هەیە.

ئیبراهیم کاڵن، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەی دەیەوێت پوتین و زیلینسکی بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکانی وەستانی شەڕیشی لەلایەن روسیاوە ئاشکراکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشی یەکەمی مەرجەکانی ئاسانن و تەنیا داوای بە ئەندامنەبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەکات.

باسی لەوەشکردووە، پێویستە ئۆکرانیا لە چەك دابماڵرێت و هەڕەشە نەبێت بۆ سەر روسیا و زمانی روسی پێویستە لەڕوی یاساییەوە لەو وڵاتەدا بپارێزرێت.

کاڵن ئەوەشی خستوتەڕو، بەشی دوەمی داواکارییەکانی ئاسان نین و داوای گفتوگۆی راستەخۆی بێ مەرج لەگەڵ زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیادا دەکات.

کاڵن دەشڵێت، پێویستە ئۆکرانیا دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس بێت و دان بەوەدابنێت کە دورگەی قرم سەر بە روسیاییە.

پوتین بێزاری خۆی دەربڕیوە و لایەنی ئۆکرانی بە درێژەکێشان بە دانوستانەکان تۆمەتبار کردوە.

پەیوەندیدار