زلێنیسكی: روسیا باجی ئەو شەڕە دەدات

ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا هەموو ئەو شتانە “لەنێودەبات” کە مۆسکۆ لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بەدەستیهێناون.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، رۆژی هەینی 18-3-2022 سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: “جەنگی نادادپەروەرانە و دوژمنکارانە هەمیشە باجێکی قورسی بۆ دوژمنکار دەبێت.”

زیلینسکی داوای کرد سزاکانی سەر رووسیا قورستر بکرێن، هەروەها داوای لە سەرکردەی وڵاتە هاوپەیمانەکانی کرد دژە مووشەکی زیاتر بۆ وڵاتەکەی بنێرن، لەبەرئەوەی بە گوتەی خۆی، “ئۆکراینا وەکو پێویست چەکی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی نییە.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژە بەوە دەکات، “ئەم شەڕەی رووسیا دەبێتە کەوتنێک بۆیان، کەوتنێکی بە ئازار. سەرەڕای ئەو بێهۆشکەرەی لەڕێگەی پڕوپاگەندەی تەلەڤزیۆنیشەوە بە خەڵک دەدرێت، هەست بە ئازارەکەی دەکەن.”

زیلینسکی باسی لە دۆخی شاری ماریۆپۆلی باشووری وڵاتەکەی کرد کە تێیدا دەیان کەس پەنایان بۆ ژێرزەمینەکانی هۆڵێكی شانۆ بردووە و رۆژی چوارشەممە کرایە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، زیاتر لە 130 کەس لە هۆڵی شانۆکە رزگارکراون، بەڵام دەیانی دیکە بەهۆی داروپەردووی هۆڵە رووخاوەکەوە ناتوانن دەربچن.

پەیوەندیدار