مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پەیامێك و هاوخەمیەك بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە

ئەمڕۆ لە نۆرەی وەرگرتنی موچەی خانەنشیانن لە شاری سلێمانی، دوو هاوڵاتی خانەنشینكراو لە نۆرەی وەرگرتنی موچەكانیان بەهۆی پاڵەپەستۆوە گیانیان لەدەستدا. مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پرسەنامەو هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەو كەسوكاریان رادەگەیەنێت و رۆحیان شادو ئارام بێت.
هاوكات رەخنەی توند ئاراستەی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە شێوازو میكانیزمێكی گونجاوو شایستە لەبەرچاو ناگرن بۆ دابەشكردنی موچەی خانەنشینكراوەكانی كوردستان. ئەم شێوازە دابەشكردنە لە موچە ئیهانەی ساڵانی زۆری خزمەتكردنی ئەم هاوڵاتیانەیە كە ئەمڕۆ خانەنشینكراون.
بەرپرسی مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشان بە ئێستانیوزی راگەیاند: حزبی زەحمەتكێشان نیگەران و توڕەیە لەم جۆرە مامەڵەیەی لەگەڵ موچەی خانەنشینكراوەكان دەكرێت و بەمجۆرە نیوەشەو بە سەرماو گەرما لەبەردەم دەرگای بانكەكان دەوەستن. ئەوە ئەتك كردنی كەرامەتیانە. دەبێت بە شێوەیەكی شایستەو گونجاوو بەرێزەوە موچەكانیان بەسەردا دابەش بكرێت.
مەكتەبی جەماوەریەكانی كوردستان دواكەوتن و نەدانی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بە تاوان‌و كارەسات دەزانێت بۆ ژیانی موچەخۆرانی كوردستان و چارەسەركردنی گرفتی موچە بە هەنگاوی یەكەم دەزانێت بۆ راستكردنەوەی شێوازی حوكمڕانی ئەمڕۆی كوردستان.

بێستون لەتیف : ئێستانیوز

پەیوەندیدار