دادگای فیدراڵی هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕاگەیاند

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق رایگەیاند، بەپێی دەستوور هیچ لایەنێك بۆی نییە ئەم خولەی پەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێنێتەوە، عیراق وڵاتێكی دەستوورییە و سیستمی سیاسی خۆی هەیە.
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان هێمای بۆ ئەوە كردووە، چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بەندە بە بڕگەكانی دەستوورەوە، هیچ لایەنێكی دادوەری و یاخود لایەنێكی دیكە نابێت چارەسەرێك بۆ بنبەستی سیاسی بسەپێنێت تەنها بەپێی دەستوور نەبێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، میكانیزمەكانی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەسەر بنەمای دەستوریی بنیاتنراوە و عیراق وڵاتێكی دەستوورییە و سیستمی سیاسی خۆی هەیە.
ئەنجومەنەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە ماددەی 64ی دەستور دیاریكراوە و بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان دەبێت و ئەوەش لە دوو حاڵەتدا دەبێت، یەك لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوایەك پێشكەش بكەن یاخود سەرۆكوەزیران بە رەزامەندی سەرۆككۆمار داوایەك پێشكەش بكات.

پەیوەندیدار