لە زۆرێک لە بۆنە و جەژنەکاندا، خواست لەسەر گۆشتی سور زیاد دەکات، ئەوەش هەندێک جار دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور، بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە (90) هەزار تۆن گۆشتی سور هەیە، بۆ دابینکردنی ئەو بڕەش سەرەڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پشت بە هاوردەکردنی ئاژەڵ دەبەستێت.
هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی لە بواری گۆشتی سوردا پێویستی بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی ترەوە هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سروشت و هەڵکەوتەی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی گونجاوە بۆئەوەی پەرە بە بەرهەمهێنانی زیاتر گۆشتی سور بدرێت.
– هەرێم ساڵانە (100) هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکات
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە (90) هەزار تۆن گۆشتی سورە بۆ ئەوەی پێداویستی هاوڵاتیان بۆ گۆشتی سور پڕبکرێتەوە، بەڵام بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گۆشتی سور لەئاستێکدا نییە کە بتوانێت ئەو پێداویستییە پڕبکاتەوە و بە ناچاری ساڵانە زیاتر لە (100) هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت.
– ئاژەڵەکان لە کوێوە دێن
لە رۆمانیا، بەرازیل، هیندستان، سوریا و ئێرانەوە ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، بۆ ئەوەش نزیکەی (100) کۆمپانیا بەناوی هاوردەکردنی ئاژەڵەوە مۆڵەت وەردەگرن، بەڵام تەنیا (3 بۆ 4) کۆمپانیا ئاژەڵ هاوردە دەکەن.
هاوردەکردنی ئاژەڵ، بەو رێژە زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان سروشت و هەڵکەوتە و دۆخی کوردستان بەشێوەیەکە کە بە تەواوی گونجاوە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی گۆشتی سور.
– لە هەرێم چەند پڕۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە
دوایین راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان (72) پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕ و بزن و (73) پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیردەر هەن.
سەبارەت بە سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژەی بەوەکردوە کە ساڵی 2019 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 329 هەزار و 740 سەر مانگا هەبوون.
بەپێی راپۆرتەکە لە هەمان ساڵدا ژمارەی مەڕ بریتیبووە لە سێ ملیۆن و 354 هەزار و 699 سەر.
ئاشکراش کراوە کە لەو ساڵەدا ملیۆنێک و 225 هەزار و 83 سەر بزنیش هەبوون
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم دەبێت باج و رسومی سەر هاوردەکردنی ئاژەڵ زیاد بکات و باج و رسومی سەر هاوردەکردنی عەلەف و ئالیک هەڵبگرێت، هاوکات لابردنی باجی و لێخۆشبون لە کرێی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک و عەلەف، لەو رێکارانەن کە بەهۆیانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی گۆشتی سور بەرزبکرێتەوە.