بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند لەسبەینێوە جارێکی دیکە بارانبارین لە شارەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرما نزمبونەوە بەخۆیانەوە دەبیننن.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاندوە، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە ئاسمان لەنێوان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لە نێوان 3 تاکو 4 پلە، بەڵام لە سنوری پارێزگای هەولێر ئاسمان پەلە هەر بۆ نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی باران لە کاتەکانی ئێوارەو دەرنگانی شەودا ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە.
رونیشیکردوەتەوە، لەسنوری پارێزگای دهۆک ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران بەدرێژای کاتەکان لە دوای نیوەڕۆ رێژەی باران بارینەکە زیاد دەکات و هەندێک جار هەورە تریشقەی لەگەڵدایە لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویە سنوریەکان.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە رایگەیاندوە، لەسنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لەکات و شوێنی جیاوازدا وە ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرمی لە نێوان 3 تاکو 4 پلە لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنوریەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشداوە، لە پارێزگای دهۆک ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویەکان لەگەڵ نزمبونەوەی پلەی گەرمی لەنێوان 3 تاکو 4 پلە، لەپارێزگای کەرکوکیش ئاسمان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ نزمبونەوەی پلەی گەرمی لە نێوان 3 تاکو 4 پلە.