پەرلەمانتارێك: پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە لە بەردەستە

پەرلەمانتارێکی ھەرێم رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو ژمارانەی حکومەت بڵاویدەکاتەوە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە لەبەردەستدایە.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پارەی پێویست لە بەردەستە و پێویستە 25ی مانگ دابەشكردنی موچە دەستپێبكاتەوە.
عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، دوای بەدواداچونیان بۆ داهاتی نەوت و ناوخۆ، پارەی پێویست لە بەردەستەو پێویستە 25ی مانگ دابەشكردنی موچە دەستپێبكاتەوە.
باسی لەوەش كردووە، بۆ موچە 600 ملیۆن دۆلار پێویستە و مانگی پێشوو تێكڕای نرخی نەوتی برێنت 96 دۆلار بووە، داهاتی نەوت دراوەتە وەزارەتی دارایی كە 488 ملیۆن دۆلار بووە، بەهەمان پێوەری مانگی پێشوو ئەم مانگە داهاتی نەوت دەگاتە 550 ملیۆن دۆلار.
لە بەشێكی تری نوسینەكەدا هاتووە، لە داهاتی ناوخۆ تەنیا 50 ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ موچە، “ئیدارەی هەولێر 28 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار” و “ئیدارەی سلێمانی 21 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار”، بۆیە هیچ گرفتێك نییە موچە دابەشنەكرێت و داهات زۆر زیاترە.

پەیوەندیدار