رووسیا هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، تەنیا ئەو کاتە لە جەنگی ئۆکراینا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن کە “هەڕەشە لەسەر بوونیان” هەبێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرملن بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە، “ئێمە چەمکی ئاسایشی ناوخۆمان هەیە، ئەوەش بۆ هەمووانە. دەکرێت خوێندنەوە بۆ هەموو ئەو هۆکارانە بکرێت کە چەکی ئەتۆمیی بۆی بەکاردێت.. ئەگەر هەڕەشە لەسەر بوونی وڵاتەکەمان هەبێت، دەکرێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت بەپێی چەمکەکانمان”.

چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، کە بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو، رۆژی 28ی شوبات پووتین فەرمانی بە هێزە ستراتیژییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد “لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن”، ئەوەش وڵاتانی جیهانی هێنایە سەر هێڵ.

جۆن کیربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لێدوانەکانی گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بە “ترسناک” ناودەبات و دەڵێت، “هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمیی بەرپرسیار بەو شێوەیە رەفتار ناکات”.

گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا شتێکی وایان نەبینیوە کە وایان لێبکات ستراتیژیان لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە بگۆڕن.

رووسیا خاوەنی زۆرترین کڵاوەی چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا. لەبارەی لێدوانەکانی گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاشەوە، کیربی دەڵێت، “بە ئەوپەڕی توانامانەوە و هەموو رۆژێک چاودێریی ئەوە دەکەین”.

مۆسکۆ هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەن، ئەوانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە جەنگەکە فراوانتر بکەن.

ئیستانیوز… زۆزك

پەیوەندیدار