ئەمریكا : سزای نوێ بەسەر ڕوسیا دەسەپێنێت

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆشکی سپی سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی روسیادا رادەگەیەنێت. هاوکات، روسیا ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە لەبەرامبەر دەرکردنی ستافە هەمیشەییەکی وڵاتەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەیەکی نادیاریکراو دبلۆماتکاری ئەمریکی دەردەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆشکی سپی سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بەسەر کەسایەتییە سیاسی و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی روسیادا رادەگەیەنێت.

شەوی رابردووش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی “ناتۆ”.

ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستای ئۆکرانیایە کە لەگەڵ روسیادا لەجەنگدایە.

هەروەها، جەیک سۆلیڤان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشدا، رۆژی پێنجشەممە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بە هەمان شێوە رێکدەکەون لەسەر هەماهەنگیکردن بۆ توندترکردنەوەی سزاکانی سەر روسیا و پلان دادەنێن بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک.

وتیشی، بەرپرسانی هاوپەیمانان رۆژی هەینی شتی زیاترییان دەبێت بۆ وتن سەبارەت بە کێشەکانی وزەی ئەوروپا.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی روسی بڵاویکردەوە، روسیا بە ئەمەریکای راگەیاندووە ژمارەیەکی نادیاریکراو لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە روسیا دەردەکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی ستافە هەمیشەییەکەی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس راگەیەنراوێکی زاری وەزارەتی دەرەوەی روسیای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، روسیا بە ئەمەریکای وتووە هەر کارێکی دوژمنکاریی دژی روسیا، وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی بەدوادادێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا لیستێکی داوەتە دیبلۆماتکارێکی باڵای ئەمەریکا لە مۆسکۆ، لیستەکەش ناوی ئەو دیبلۆماتکارانەی تێدایە کە دەبێت روسیا جێبهێڵن.

ئینتەرفاکس ئاماژەی بەوە نەدا چەند کەس لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە روسیا دەردەکرێن.

ئەم هەنگاوەی روسیا لەکاتێکدایە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەنیازن سزای زیاتر بەسەر روسیادا بسەپێنن.

مانگی رابردوو ئەمەریکا رایگەیاند، ١٢ دیبلۆماتکاری روسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیی و وتیشی ئەو دیبلۆماتکارانە ” سیخوڕی هەواڵگری بوون.

پەیوەندیدار