هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری دەدەن کە نابێت جیهان پشت لە شەڕی دژی داعش بکات، بە پێچەوانەوە، گرووپە پەڕگیرەکە بەهێز دەبێتەوە.
فەرماندەی ناوەندیی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نابێت ئەو وڵاتانەی لە کاتی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش یارمەتییان دابیندەکرد، ئێستا پشت لە ناوچەکە بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “نەبوونی پلانێکی نێودەوڵەتیی روون، گشتگیر و درێژخایەن دەبێتە هۆی زیادبوونی زیانی گیانی و ماددی و رێگە بە داعش دەدات رێکخستنی خۆی بەهێزبکاتەوە.”
لە ئاداری 2019ـەوە، داعش هیچ پێگەیەکی جێگیری لە عێراق و سووریا بەدەستەوە نەماوە و پەنای بردووەتە بەر شەڕی پارتیزانی و خۆی لە حەشارگە دوورەدەستەکاندا گیرکردووە.
هەسەدە دەڵێت، ئەو هێرشە گەورەیەی کانوونی دووەم کرایە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، بەڵگەیەک بوو، کە داعش دەیەوێت توانا سەربازییەکانی فراوان بکات.
هەسەدە هەروەها رەخنەی لەو وڵاتانەش گرت کە تاوەکو ئێستا هاووڵاتییەکانیان لە کەمپ و زیندانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نەبردوونەتەوە، کە لە چەکدارانی پێشووی داعش و کەسوکارەکانیان پێکدێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە کە توانای ئەوەی لە بەردەستدا نییە ئەو هەزاران گومانلێکراو و تۆمەتبارانە لە ژێر چاودێریی خۆیدا بهێڵێتەوە، چ جای ئەوەی بگاتە دادگاییکردنیان.