سەرباری سزا سەپێنراوەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، پۆتین دەیەوێت بەشداری دانیشتنی ئەمساڵی کۆمەڵەی بیست بکات لە ئیندۆنیسیا، لە کاتێکدا چەندین وڵاتی ئەندام لەو کۆمەڵەیەدا داوایانکردووە روسیا دەربکرێت و چیتر وەک ئەندام هەژمار نەکرێت.
دوێنێ چوارشەممە، لێودمێلا ڤێربیۆڤا، باڵوێزی روسیا لە ئەندۆنیسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند کە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی وڵاتەکەی پێداگرە لە ئامادەبوونی لە کۆمەڵەی بیستەم کە بڕیارە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیسیا لە ئەمساڵدا میوانداری بکات.
باڵوێزەکە وتی، “نەک تەنها کۆمەڵەی بیست، بەڵکو زۆرێک لە وڵات و رێکخراوەکان دەیانەوێت روسیا دەربکەن”.
هەروەک چەند سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسی (رۆیتەرز)یان راگەیاند، “ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی گفتوگۆ دەکەن لە بارەی مانەوەی روسیا لە کۆمەڵەی بیستدا پاش داگیرکردنی بۆ ئۆکراین”.
لە ئێستادا روسیا رووبەرووی زنجیرەیەک سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە بە سەرۆکایەتی وڵاتانی رۆژئاوا بە ئامانجی دابڕانی لە ئابووری جیهان.
کۆمەڵەی بیست بریتییە لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ئەو 20 وڵاتەی خاوەن گەورەترین ئابورین لە جیهاندا بە مەبەستی تاوتوێکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان.
سەرەتای دروستبونی کۆمەڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکتربینینێک لە نێوان وەزیرانی دارایی و بەرپرسانی بانکی ناوەندی لە ساڵی 1999 دوابەدوای ئەو قەیرانە داراییەی کیشوەری ئاسیا و ئەمریکای لاتینی گرتەوە و بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەوڵدان و گفتوگۆکردن لە ئاستی باڵادا بەئامانجی بەجێگیریی هێشتنەوەی ئابوریی نێودوڵەتی، ئەویش بە گەشەدان بە یەکخستنی سیاسەتە داراییەکان.
لە ساڵی 2008 دا یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی 20 وڵاتەکە بەسترا بە ئامانجی رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی جیهانی.