قائیمقامی ماوەت رایگەیاند: تائێستا نەتوانراوە تەرمی ئەو سێ گەنجە بدۆزرێتەوە كە ماوەی پێنج رۆژە لە چەمی خەمەڵوكەی سەر بە قەزای شارباژێر بێسەرشوێن بون.
كامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بڵاویكردۆتەوە، بۆ رۆژی پێنجەم گەڕانەكان بەشوێن چارەنوسیاندا بەردەوامە، بەڵام بە داخەوە هیچ ئەنجامێكمان دەستنەكەوتوە، ئەم چەمە كە بە زۆرینەی شارباژێڕدا تێپەڕدەبێت، خاوەن خەسڵەتێكی سەختی خۆیەتی كە نقومبوەكانی ناوی بە زەحمەتی زۆر لە نێو گۆمە پێچاوپێچ و خاوەن كەندەڵانەكانیدا دەدۆزرێنەوە لە حاڵەتێكی وادا خودی چەمەكە سیفەتیوایە لەنێوان 7 بۆ 11 رۆژدا ئەوجا نقومبوەكانی ناوی دەردەكەون ئەویش ئەگەر بەشوێنی پێچ و سەختیەوە گیریان نەخوارد بێت.
كامەران حەسەن ئاماژەی بەوەشكردوە، بە داخەوە ئەم چەمە بە درێژایی مێژوی خۆی خاوەنی چەندان روداو و چیرۆكی خەمناكە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە دڵسۆزانە وەك سەربازی گومناو لە كاردان هەموو تیمەكان و خۆبەخشەكان بەردەوامن لە كار، تیمەكەی تەق تەق بە ژمارەی زیاترەوە لە خۆبوردوانە لە كاری سەختی خۆیان بەردەوامن.
ئێستانیوز- زۆزک