ئەمڕۆشەممە، ڤۆلۆدۆمیر زیلینسکی گرەنتی کردنی سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتەکەی وەکو مەرجێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا دەستنیشانکرد.
ڤۆلۆدمیر زیلنسکی رایگەیاند، ئۆکرانیەکان زیانی زۆریان بە سوپای روسیا گەیاندوە، شەڕی دۆنباس و خارکێف و کیێڤ بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕوو تاکو ئێستا ١٦ هەزار سەربازی روسیا کوژراون، ئەمانە لەپێناو چیدا کوژراون؟ کێ سودمەندبوو؟ دەبێت گفتوگۆی جدی بکرێت؟
لەلایەکی دیکەوە، ئایرینا ڤێریچۆک جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، رایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لەڕێگەی دوو رێرەوی مرۆییەوە، حەوت هەزار و ٣٣١ هاووڵاتی ئۆکراینا گواستراونەتەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا جەختی لەوەش کردەوە، بەدەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەیاندنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بە هاووڵاتییان و لەم چوارچێوەیەشدا ٨٠ تۆن خۆراک، پێداویستی پزیشکی و پێداویستی سەرەکییان گەیاندووەتە خەڵکی شارەکانی بێردیانسک و مێلیتوپۆڵ.
ئایرینا ڤێریچۆک ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆش، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادان تێیاندا بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەشدا دیداروکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی کیێڤ، ماریوپۆڵ و لوهانسک.
رۆژی ٢٤ مانگی شوبات، روسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکراینا و تاکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە، مەرجی روسیا بۆ کۆتایهێنان بەشەڕ، دەستبەرداربوونی ئۆکراینیایە لەسەر بە ئەندامبوونی لە هاوپەیمانی ناتۆ و لەبەرامبەردا کیێڤ پێی وایە ئەم پرسە دەست وەردانە لەسەروەری ئۆکرانیا.